کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکانی تایبەت بە خۆپێشاندانەکانی ئێران

15:03 - 27 خەزەڵوەر 2719

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەزڵوەر خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر گرانبوونی بەنزین، هاتنە سەر شەقامەکان و ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانە تا ئێستاش هەر بەردەوامن. ناڕەزایەتییەکان دژ بە گرانبوونی بەنزین بوونە هۆی ئەوەی کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بێنە سەرشەقامەکان و ئەو خۆپێشاندانانەش کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە. لە یەکەمین کاردانەوەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەران و تا ئێستا دەیان کەس کوژراو و سەدان کەسیش بریندار بوون. بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ١٠٠٠ کەس دەسبەسەر کراون، بەڵام دەسبەسەرکردنەکان زۆر لەوە زیاترن کە ڕێژیم ئاماژەی پێکردووە. خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپێشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ ناوبرد و پشتیوانی لە سەرکوتکردنی خەڵک کردووە لە لایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەوە. هەر لەم پێوەندییەدا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە ویست و داخوازی خۆپێشاندەران، سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرد. هەروەها ٨٠ چالاکی سیاسی لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆیان لە ویستی خۆپێشاندەران دەربڕی. تا ئێستا دەیان حیزب و ڕێکخراوی ئێرانی و کوردستانی وەک شوڕای دێموکڕاسیخوازان و شوڕای هاوپێوەندی بۆ ئازادی و دێموکڕاسی، دووپات کردەوە و کردەوەی سەرکوتکەرانە و کوشتنی خۆپێشاندەرانیان مەحکووم کرد. بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای پشتیوانی لە ویستی خۆپێشاندەران، سەرکوتی خەڵکی کوردیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە کردەوەیەکی نائینسانی ناوبردووە. هەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بڕیارەکانی دەوڵەتی ڕوحانی و سەرۆکی پارلمان، دوو کەس لە ئەندامانی پارلمان بەناوەکانی قەسیم عوسمانی نوێنەری بۆکان و مەحموود سادقی نوێنەری تاران دەستیان لەکار کێشایەوە. بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە دوێنی و ئەمڕۆ لە چەند شارێکی ئێران قوتابخانەکان داخراون. خۆپێشاندەرانی عێراقی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداوە پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی ئاخوندکان دەربڕی. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا پشتیوانی دەوڵەتی ئەمریکای بۆ خەڵکی ئێران دووپات کردەوە. لەم خۆپێشاندانانەدا تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ بانک سووتێنراوە و چەندین بەنزینخانە و دامەزراوەی دەوڵەتی ئاگریان تێبەردراوە. شاری جوانڕۆ یەکەم شارە لە کوردستان و ئێران کە تا ئێستا باس لە شەهیدبوونی ١٧ کەس دەکرێ. زۆربەی دامودەزگاکانی شەقامی سەرەکی بۆکان سووتێنراون، تا درەنگانێکی شەوی ڕابردوو خەڵک لەسەر شەقامەکان بوون، تەرمی پێنج شەهید لە ساردخانەیە، پتر لە سی کەس برینداربوون، خەڵکیکی زۆر گیراون، لیباس شەخسی کەوتونەتە ناو کوڵانەکان و دەرگای ماڵان دەشکێنن و هێزی چەکدار لە دەوروبەری بانکەکان دامەزراوە. لەم خۆپێشاندانانەدا فەرماندەیەکی ڕێژیم بە ناوی ئیرەج جەواهێری لە کرماشان کوژراوە و هەروەها لە شاری شیرازیش سێ کەس لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم کە تەقەیان لە خەڵک کردووە کوژراون. بەهۆی بەربەرینی خۆپێشاندانەکان، ڕێژیم ئینتەرنێتی لە سەرانسەری ئێران بڕیوە بۆ ئەوەی پێش لە پێوەندی خەڵک لەنێوخۆ و بۆ دەرەوەی وڵات نەهێڵێ.