کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانی عەلی خامنەیی بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێران

15:45 - 27 خەزەڵوەر 2719

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەشێوەیەکی توند پشتیوانیی لە هێزە سەرکوتکەرەکان کردووە، ڕایگەیاندووە کە دەبێ ئەو خەڵکە خۆپێشاندەرە سەرکوت بکرێن و ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییانە بێدەنگ بکرێن. عەلی خامنەیی ڕێبەری دیکتاتۆر و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە سەرووی هەموو بڕیارەکانەوەیە و دەستی بە خوێنی سەدان هەزار کەس سوور بووە، پشتیوانیی لە هێزە سەرکوتکەرەکانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دەبێ هەرچی خێراتر سەرکوت بکرێ و دەنگی ناڕەزایەتی نەمێنێ، بەڵام خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵكی ئازادیخوازی کوردستان لە خۆپێشاندان بەردەوامن و ئەو خەڵکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە سیاسەتە چەپەڵەکانی ئەو ڕێژیمە، لە سووتاندنی بانک و ناوەندە ئەمنییەکان و بەنزینخانەکان بەردەوامن و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکوژرێن و بریندار دەبن یا ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکرێن. عەلی خامنەیی لەوپێوەندییەدا وتوویە کە ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر گەنجانی ورووژاو و داناوە و بوونەتە بەڕێوەبەری ئەو خۆپێشاندانانە. شایانی باسە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانیی لە گرانبوونی بەنزینیش کردووە و ڕایگەیاندووە کە سێ ناوەندی بڕیاردەری کۆماری ئیسلامی هەر بڕیارێکیان دەرکردووە دەبێ پشتیوانیی لێ بکرێ و بڕیارەکەیان جێبەجێ بکرێ. هەر ئەوە بووەتە ڕێگەخۆشکەر بە ئەوەیکە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ، خەڵکی خۆپێشاندەر بکوژن و سەرکوتیان بکەن. لە هەواڵەکانی پێشتریشدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕادەیەکی زۆر لە خەڵکی کورد و خەڵکی ئێران لەو خۆپێشاندانانەدا کوژراو و بریندار بوون.