کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی: پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران دەکەین

16:28 - 27 خەزەڵوەر 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، بەرپرسێکی پلەبەرزی کۆشکی سپی، لە لێدوانێک بۆ کاناڵی ئەلعەرەبییە؛ گوتی " حکومەتی ئێران بەردەوام خەریکی نانەوەی شەڕ و ئاژاوەیە لە ناوچەکەدا و ئێمە پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران دەکەین". ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆکان و گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، بوون بە گوشاری سیاسی و خەڵکی ئێران دەبێ بزانن لە نێوان داهاتوویەکی گەش یان ئابوورییەک کە بە تەواوی ڕووخاوە یەکیان هەڵبژێرن و دەڵێ: " دۆناڵد ترامپ" سیاسەتێکی تەواو جیاوازی لە گەڵ کابینەی پێشوی ئەمریکا سەبارەت بە حکومەتی ئێران گرتە بەر و ئامانجی ناوبراو پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە کردار و هەڵسووکەوتی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە و دەست هەڵگرتن لە پشتیوانی کردن لە تێرۆریزم بووە، و دەڵێ گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەری لە سەر تاران هەبووە و نموونەی هەرە بەرچاو ڕاگرتنی فرۆشی نەوتە و وەک دەبینین لە باری داراییەوە کەمی هێناوە و ناتوانێ هاوکاری هێز و میلیشیاکانی دەرەوەی ئێرانی بکا. لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ئێمە داوامان لە حکومەتی ئێران کرد و ئامادەیی خۆمان بۆ دانووستان دەربڕیوە بەڵام لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێران ئەو داوایە ڕەتکراوەتەوە. ئەو ڕووداوانەی کە ئێستا لە ئێران لە ئارادان و خەڵکی ئێران دەستیان داوەتە خۆپێشاندان و هەموو شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە و خوازیاری گۆڕانی نیزامی کۆماری ئیسلامین.