![](/files/xatominaaaa.jpg)
له شاری تاران ژنێکی کورد به ناوی مینا شێخی له ئاکامی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌کانی رێژیم گیانی له ده‌ست دا.
مینا شێخی، کچی حاجی غه‌ریب شێخی، خه‌ڵکی سه‌قز و نیشته‌جێی تاران بووه. ناوبراو ڕۆژی شه‌ممه له کاتی خوپێشاندانه‌کان له دژی گرانی و سه‌رکوت و زه‌برو زه‌نگ، له شاری تاران به‌هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی کوماری ئیسلامی ئێرانه‌وه گیانی له ده‌ست دا.
مینا شێخی، کچی بنه‌ماڵه‌یەکی نیشتمانپه‌روه‌ری شاری سه‌قزه که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ر کاری ڕێژیمه‌وه له‌گه‌ڵ ئازار و چه‌وساندنه‌وه به‌ره‌و ڕوو بوونه‌ته‌وه. مینا شێخی ساڵی ۱۳۳۹ له دایک بووه. مینا خانم له پێناو خه‌بات بو ئازادی کورد‌و کوردستان دوو برای دیکه‌ی وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی کوردستان دژبه کوماری ئیسلامی خه‌باتیان کردوه.
به داخه‌وه براگه‌وره‌یان به ناوی ئه‌مین شێخی ساڵی ۱۳۶۴ چووه نێو کاروانی نه‌مرانه‌وه و چه‌ند ساڵ دواتر برایەکی دیکه‌یان به‌ناوی محه‌ممه‌د شێخی که له کاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌دیل گیرابوو له زیندانی سه‌قز ئێعدام کرا.
هه‌ر له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا و سالی ۱۳۸۰ کوڕی سێهه‌میان به ناوی ئه‌نوه‌ر شێخی به‌شێوه‌یەکی گوماناوی له لایه‌ن ماشێنیکی ده‌وڵه‌تیه‌وه لێی ده‌درێ و گیان له‌ده‌ست دا. به‌داخه‌وه بو جارێکی دیکه‌و ئه‌وجار له جه‌ره‌یانی خوپێشاندانی به‌ربڵاوی خه‌ڵکی ئێران و کوردستان چوارەمین که‌س له‌م بنه‌ماڵه شۆڕشگێڕه بوو به قوربانیی سه‌رکوتکارییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌کانی ڕێژیم شه‌هید کرا.