کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی شارەکانی کوردستان ئاڵۆزتر دەبێ

01:58 - 28 خەزەڵوەر 2719

بە پێی ئەو هەوالانەی لە نێوخۆی وڵاتەوە بە کوردستان و کورد گەیشتووە دۆخی زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت شارەکانی کوردستان زۆر لە ڕۆژانی پێشوو ئاڵۆزترە. هەربەپێی ئەو هەواڵانە، لە شاری کرماشان هێزە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ماشینی ئاوپاش تیزابیان بەسەرخەڵکدا کردووە کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانەکانی کرماشاندان دەم وچاو و جەستەیان سووتاوە و هێزەکانی رێژیم لە گەڕەکی دەوڵەتاوا و جافراوا ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و خەڵکی دەسبەسەردەکەن. هەواڵەکان لە سنەوە باس لەوە دەکەن کە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەوشارە وەکوو گوڵشەن فەیزاوا، غەفوور نەبووەت ،سیرووس و هەروەها پومپی بێنزینی سیلۆو، بانکی تێجارەتی گوڵشەن و بانکی مللەتی کارامووزی لە ئاگردا سووتاوە وباری نائاسایی و حکوومەت نیزامی تێدا ڕاگەیەندراوە، بەڵام خەڵکی خۆڕاگری سنە هەر لەسەر شەقامەکانن. شایەنی باسە کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا وەکوو مەریوان، بۆکان و جوانڕۆ خۆپیشاندان بەردەوامە و شەهید و بریندار زۆرن، بەڵام خەڵک ئازایانە هەر لە مەیدان دان.