کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکانی تایبەت بە خۆپێشاندانەکانی ئێران

17:18 - 29 خەزەڵوەر 2719

لە ئێوارەی ٢٤ی خەزڵوەرەوە خۆپێشاندانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەشێوەیەکی بەربڵاو درێژەی هەیە. خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران کە بەهۆی بردنەسەری سێ بەرابەری نرخی بەنزین دەستیان پێکرد، تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتۆتەوە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی تا ئێستا لانیکەم ١٠٦ کەس کوژراون کە بێگومان ئامارەکان زۆر لەوە زیاترن. خەڵکێکی زۆر بریندار و بە هەزاران کەسیش دەسبەسەر کراون. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە هێرش دەکەنە سەر خۆپێشاندەران و دوور لە هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی پاراستنی مافی مرۆڤ خەڵک دەکوژن و خۆپێشاندەران سەرکوت دەکەن. خەڵکی ناڕازی بۆ دەربڕینی ڕق و تووڕەیی لەو ڕێژیمە داپڵۆسێنەرە و پیشاندانی دژکردەوە بەرانبەر بەو هەموو کوشتن و سەرکوتکارییە، هێرش دەکەنە سەر بنکە و ناوەندەکانی ڕێژیم و دەیانسووتێنن، دیارە بەشێک لەو کردەوانە لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی کە بەو بیانوە خۆپێشاندەران بکوژن و سەرکوتیان بکەن. خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەو خۆپێشاندانانە پیلانی دژمن بوون و ئێمە کۆتاییمان بەو پیلانە هێناوە. قسەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانەکان بەبەربڵاوی بەردەوام و لە حاڵی پەرەسەندندان. هەر لەو پێوەندییەدا محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هۆشداریی دایە وڵاتان و ڕایگەیاند کە هەقیان نییە پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران بکەن. زەریف زۆر ڕووهەڵماڵاوانە دەڵێ" یاسا لە ئێران ڕێگەی بە خۆپێشاندان داوە و ئەوە مافی ڕەوای خەڵکە". ئەو قسانەی زەریف لە کاتێکدایە کە ماوەی چل ساڵە وەڵامی ویست و داواکارییەکانی خەڵک بە کوشتن و زیندان و سەرکوت دەدرێتەوە و هەر لەم چەند ڕۆژەدا وەک وەڵامدانەوە بە ویستەکانی خەڵک، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا ١٠٦ کەس کوژراون بەڵام کوژراوەکان زیاتر لە ٢٠٠ کەسن. _ فەرمانداری شاری مەریوان لە پێوەندیی لەگەڵ کوژراوەکانی شاری مەریواندا ڕایگەیاندووە کە ئێمە ئیجازەمان نییە ڕادەی کوژراوەکانی ئەو خۆپێشاندانانە بڵاو بکەینەوە. _ برایان هوک نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا لە کاروباری ئێران لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ یان چەک و شەڕ لە سووریە هەڵبژێرێ، یان دەبێ نان و ئازادی بۆ خەڵکی خۆی دابین بکا. _ ڕێکخراوی " نێت بلاکز" سەبارەت بە بچڕانی ئینترنێت لە ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە  ٦١ میلیۆن دۆلار زیان بەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەوێ. _ مایک پۆمپێئۆ: "جیهان چاودێری کۆماری ئیسلامی و کردەوەکانی دەکا و وڵاتانی دونیا بێدەنگ نابن". وەزیری دەرەوەی هولەند دەڵێ: "خەڵکی ئێران مافی خۆیانە خۆپێشاندان بکەن و کۆماری ئیسلامیش نابێ سەرکوتیان بکا". هەروەها وڵاتانی ئاڵمان و فەڕانسە پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ئێران دەربڕیوە. هەروەها ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتانی فەڕانسە لە شاری پاریس و وڵاتی ئاڵمان لە شاری بێرلین بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی ئێران خۆپێشاندانیانێکیان بەڕێوەبرد.