کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتی ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی، ڕادەستی حیفازەتی ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری کرا

17:23 - 29 خەزەڵوەر 2719

ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی ڕادەستی حیفازەتی ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری کرا. پاش بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستاندا، دەسەڵاتی ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی سەرتاسەری ئێران، بەتەواوی ڕادەستی حیفازەت ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری کرا، تاکوو هیچ زانیارییەک سەبارەت بە مۆڵەتی بەخاکسپاردن لەم ڕۆژانەدا بڵاو نەبێتەوە. بەپێی هەواڵەکان هیچ پزیشکێک مافی هاتووچۆی لە هۆڵی توێکاریی ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی نییە، مەگەر ئەوەیکە مۆڵەتی حیفازەتی ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەریی هەبێت. چاودێری لەسەر ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی چڕتر بۆتەوە و دادگوستەری و حیفازەتی ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری، لە هەر جۆرە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ناڕازییان، خۆیان دەبوێرن. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بە گرانکردنی بێنزین، سەدان هاووڵاتیی ناڕازی لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کوژراون و بریندار بوون. تا ئێستا بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئێران، ئامارێکی وردیان سەبارەت بە ڕێژەی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکان، ڕانەگەیاندووە.