کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هوک: کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ لە نێوان دوو بژاردەی، چەک لە سووریە و نان لە ئێران، یەکیان هەڵبژێرێ

17:26 - 29 خەزەڵوەر 2719

برایان هوک نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە دژکردەوە بە وتەکانی بەرپرسێکی پلە بەرزی ئێران، کە ئەمریکای بە تۆمەتباری سەرەکیی ئەو پشێوی و نائارامییانەی ئەو دواییانەی ئێران زانیوە، ڕایگەیاند کە ئەوە خەڵکی ئێرانن کە بۆ خۆیان دەیانهەوێ داهاتووی وڵاتەکەیان دابین بکەن. برایان هوک لە وتووێژ لەگەڵ بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا کە شەوی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بڵاوکرایەوە، وتی: "داهاتووی ئێران لە دەستی ئەمریکا دا نییە لە دەست خەڵکی ئێران دایە و ئەوانن کە دەیانهەوێ داهاتووی وڵاتەکەیان دابین بکەن، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێمە گەمارۆمان خستۆتە سەر ئێران، تا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئاڵووگۆڕ لە کردەوە و هەڵسوکەوتی خۆیاندا پێک بێنن و بە جێگای دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەدا، وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتار بکەن، لەو باوەڕەش داین کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەو دەرفەتەی بۆ خەڵک ڕەخساندووە کە ڕاشکاوانەتر بێنە مەیدان و داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن". برایان هۆک لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "من ئەوەی کە لە ڕێژیمی ئێران دەیبینم گرتن و سەرکوت و کوشتنی خەڵکەکەیەتی و توانای ئیدارەکردنی وڵاتی لە باری ئابووری نەماوە و ئەو وڵاتە دەبێ لە دوو بژاردە یەکیان هەڵبژێرێ یان چەک بۆ سووریە یا نان بۆ ئێران".