کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی بەڵگەی نهێنی، ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئاڵوگۆڕەکانی عێراقدا

17:33 - 29 خەزەڵوەر 2719

بەڵگەیەکی نهێنیی دەستێوەردان و ڕۆڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەو دواییانەی عێراق ئاشکرابوو. دەستێوەردانە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران، لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و عێراق کە لە کەس شاراوە نییە و دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، و لە نێو چوونی حکوومەتی "سەدام حوسێن" کۆماری ئیسلامی بە هۆی گرووپی سیاسی و چەکداری پێوەندیدار، ئەو وڵاتەی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆی و هەر لەو پێوەندییەدا لە خۆپێشاندەکانی ئەو دواییانەی عێراق سەرەکیترین داوای خەڵكی ناڕازی ئەو وڵاتە کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیان. هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" و ماڵپەڕی ئەمنییەتی "ئینتێر سێپت" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی نهێنیی، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕۆڵی سەرەکی ئەو ڕێژیمەی لە عێراقدا ئاشکرا کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی سایتی "ئینتێرسێپت" ئەو بەڵگەنامانە زیاتر لە ٧٠٠ لاپەڕەیە لەسەر هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا کە بە هاوکاری و ڕێکخستنی "قاسم سولێمانی" بەڕێوەدەچێ، بە شێوەیەک کە ئەفسەرانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە ئاسانی و بێ بەربەست ئاگاداری بڕیاردان لە ناوەندە حکوومەتییەکانی عێراقن.