کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێدەنگ بوونی فەرمانداری مەریوان لە هەمبەر ڕاگەیاندنی ئاماری کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکان

17:37 - 29 خەزەڵوەر 2719

دوابەدوای کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیان لە شارەکانی کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێران، فەرمانداری مەریوان لەوبارەوە رایگەیاندووە کە چەند کەسێک لە خەڵکی مەریوان کوژراون بەڵام ئێمە ناتوانین ڕادەی کوژراوەکان ڕابگەیەنین و بڵێین کە چەند کەس کوژراون. لەو نێوەدا سەرکوتکەران و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشی ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر خەڵک و تەقەیان لێ دەکەن. خەڵکی مەریوان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێژەیەکی زۆریان لە خەڵکی ناڕازی کوشتووە و زۆرکەسیشیان بریندار کردووە، بەڵام فەرمانداری مەریوان هەر وەکوو کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: "کەسانێکی زۆر کەم کوژراون و ڕێژەیەکی کەمیش بریندار کراون". ئەوە لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لە کوژرانی ١٥ کەس دەکەن بەڵام خەڵک دەڵێن زیاتر لە ١٥ کەس کوژراوە و چەند تەرمێکیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کردۆتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ بە بێدەنگی بیاننێژن. هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم، وێڕای کوشتن و لێدان و بریندارکردنی خەڵکی مەریوان، خەڵکێکی زۆریشیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیار ڕایانگواستوون. شایانی باسە کە فەرمانداری مەریوان، دۆخی ئەو شارە بە ئاسایی ناو دەبا، بەڵام کەس لە بازاڕ نییە، دووکان و بازار داخراون و خەڵک تووڕەتر لە پێشوو، دێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بەو دۆخە دەردەبڕن.