کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی خامنەیی لە بەرامبەر خۆ پێشاندانەکان

17:38 - 29 خەزەڵوەر 2719

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پێنجەمین ڕۆژی خۆپێشاندانەکاندا وتی: "خۆپێشاندەران لە گەڵ دوژمنەکانمان هیچ جیاوازیان نییە". تۆمەتێک کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەپاڵ خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵاتی وەزاڵە هاتووی ئێرانی دەدەن. ئەو قسانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانەکان زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتۆتەوە و هەر وابەردەوامە و خەڵکی ناڕازی بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن جەنایەتکارانی ڕێژیمەوە دەکەونە بەر دەسرێژی گووللە و گیانیان لە دەست‌دەدەن و یا دەسبەسەر دەکرێن. عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لە پێنجەمین ڕۆژ لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشێک لە بەرهەمهێنەران وچالاکانی ئابووری، ڕایگەیاند کە دەبێ هەم دۆست و هەمیش دوژمنەکانمان بزانن کە ئێمە لە بواری سیاسی، نیزامی و ئەمنییەتیدا توانیومانە پاشەکشە بە دوژمن بکەین. قسەکانی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە لە لایەک ناڕەزایەتی خەڵک لە شارەکانی ئێران و کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، کە لە بەرەبەری ڕووخاندایە و توانای دابینکردنی خەرجی ئیدارات و دامودەزگاکانی ئەو نیزامە گەندەڵەی نییە و لە هەنگاوی کۆتاییدا و بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست نرخی بەنزینی لە سەتا ٣٠٠ بەرز کردەوە و بوو بەهۆی خۆپێشاندان و، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لێکەوتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە. خامنەیی باسی نیزام کۆماری ئیسلامی دەکا کە لەو نیزامەدا هەڵاواردن نییە و هەموو گەلانی ئێران وەک یەک چاو لێدەکا، قسەکانی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە لە سەتا ٦٠ی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.