کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان لە هەمبەر ناڕەزایەتییەکانی ئێران

15:11 - 30 خەزەڵوەر 2719

لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان کاردانەوە نێونەتەوەییەکان لەو بارەوە بەردەوامە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە باس کردن لە دۆخی خراپی ئێران و سەرکوت و دەمکوتی خۆپێشاندەران لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە، بە نیگەرانییەوە باس لە ڕووداوەکان دەکا و خۆی بە پاڵپشتی خەڵکی بوێری سەر شەقام زانیوە. هەروەها مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تویتێر نووسیویەتی :هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانەکان، ئایەتوڵڵاکان لە تاران بەردەوامن لە بەکارهێنانی تووندوتیژی و زیندانیکردن بۆ بێدەنگکردنی خەڵکەکەیان. هەر لەو پێوەندییە‌دا ییسرائیل کارتێز وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی‌دا ڕایگەیاند: خەڵکی ئێران بۆ گەیشتن بە مافەکانیان ڕژاوەنەتە سەرشەقام و ئێمەش پاڵشتییان دەکەین. کارتێز بە ئاماژەدان بە هێرشی هەوایی ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر بنکەکانی سپای قودس لە خاکی سووریە بۆ جارێکی دیکە هۆشداریی دایە ئێران کە واز لە ئاژاوەنانەوەو هەڕەشە کردن لە ئیسرائیل بهێنێ. نیکی هێلی باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ئاماری کوژراوان و برینداران و دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانەی ئێران ڕایگەیاند: کاتی ئەوەیە بە هەموو جۆڕێک پشتیوانی خۆمان لە خەڵکی بێدەرەتانی ئێران ڕابگەیەنین. هەروەها مەلەک سەلمان پاشای عەرەبستان لە شوڕای ڕاوێژکاریی وڵاتەکەی بە باسکردن لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو رایگەیاند : ئێران چەندین ساڵە لە ناوچەکە خەریکی کێشەنانەوەیە و هەر بۆیە ئەمڕۆ خەڵکەکەشی بەدژی هەستاون. هەروەها چەندین وڵاتی دیکەی جیهان وەکوو،ئاڵمان، فەڕانسە، کانادا، سوئێد و بریتانیا پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕیوە.