کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عوسمان موستەفاپوور و محەمەد نەزەری دوای سێ دەیە بەندکران ئازاد بوون

03:28 - 1 سەرماوەز 2719

دوو بەندکراوی سیاسی کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات نزیک بە سێ دەیە لە بەندیخانە بوون، ئازاد کران. ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری٩٨ی هەتاوی عوسمان مستەفاپوور، بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای ٢٨ ساڵ بەندکران و محەمەد نەزەری بەندکراوی سیاسی خەڵکی سایین قەڵا دوای ٢٥ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کران. ئەو دوو بەندکراوە لە ماوەی بەندکرانیان لە مافی مەرەخەسی بێبەری بوونە و تەنانەت ئیزنی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی ئەندامانی بنەماڵەی خۆیانیان نەبووە عوسمان مستەفاپوور تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاوی دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی تەرگەوەڕیورمێ بەدیل گیرا. ناوبراو هەمان ساڵ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا و ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی حوکمەکەی هەڵوەشایەوە و بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. هە رئەو ساڵە لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی “ورمێ” وە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و سەرجەم حوکمەکەی بوو بە ٣٥ ساڵ بەندکران محەمەد نەزەری لەدایکبووی شاری سایین قەڵای پارێزگای ورمێ کە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر هەڵوەشایەوە و کەم کرایەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.