کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ١٧ بە کاتژمێری 17ی خەرمانان

04:09 - 1 سەرماوەز 2719

ئاوێنەی باڵانوێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژێکافەوە دەست پێدەکا و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبەوە پەیمانی وەفا و بەردەوامیی ئەو ڕێگە پیرۆزە نوێ دەکرێتەوە. ئەو پەیامەی کە لە چوارچرا و سێدارەکەی کۆمارەوە لە ١٧ی خەرمانان بە خوێن نووسرایەوە، بوو بە پەیامی کۆنگرەیەک کە لە بەڵێننامەی کۆنگرەدا ڕەنگی دایەوە. ڕەنگێک وەک کۆلکەزێڕینە و بەجوانی و تۆخیی پەیمان و وەفا. حیزبی دێموکرات پێشەنگی کاروانێک و هەڵگری پەیامی دێموکراسی و پێبەندی یاسایەکە کە دێموکرات لەسەری دامەزراوە. سوێندەکەی ژێکاف، کۆماری کوردستان، ئاڵا و پێشمەرگە، بەرەوپێشچوون و بەرەنگاری،  بیروهزری نەتەوەیی پێناسەیەکن بۆ حیزبێک کە نیزیک بە ٧٥ ساڵە خوێن لە جەستەی دەچۆڕێ، بەڵام ناچەمێ و چۆک دانادا. کۆنگرە یەک لە دوای یەکەکانی حیزبی دێموکرات کە زۆربەیان لە چیا و ئەشکەوت و لەژێر کەپر و خێمە و ڕەهێلەی بۆمب و ناپاڵم و تۆپ و تەیارەی دوژمندا گیراون، نیشانەی دێموکراتبوون و باوەڕمەندیی حیزبێکە کە دوای مەرگی ڕێبەرانی نەک هەر واز لە دێموکراتبوون و باوەڕ بە یاسا و ڕێسا دێموکراتیکەکان ناهێنێ، بەڵکوو ڕێبوارانی ئەم ڕێگە پیرۆزە، بە هێز و گوڕ و ئیرادە و ئیمانەوە ئەم ڕێچەکەیە درێژە دەدەن و لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی گەل و قەول و بەڵێنێک کە بە ڕێبەران و هاوسەنگەرانی شەهیدیان داوە بەردەوام خوێن دەدەن و بە فرمێسکەکانیان واژۆنامەی تۆڵە و نەسرەوتن دەنووسنەوە. کۆنگرەی ئەمجارەشمان کە دوای خەرمانانی سوور و لەژێر هەڕەشەی بۆمب و مووشەک و تێرۆردا بەسترا، بەڵگەیەکی بەهێزی خۆڕاگری و دێموکراتبوونە، بۆ حیزبێک کە ڕێبازەکەی بە خوێن نەخشاوە و ئەو سوارچاکانەی کە دوای گلان هەستاوەنەوە و هەر لەسەر پێ و بەپێوەن و بەرەو ئاسۆ و بەرەو لووتکەی سەرکەوتن بەڕێوەن. سوارچاکی مەیدانی خەباتی کوردایەتی، وەفادار بە سوێندە بەرزەکەی حەزرەتی پێشەوا بۆتە پێشەنگی کاروانێک کە نەوە لەدوای نەوە سوێند و پەیمانی وەفاداری لەگەڵ نوێ دەکەنەوە و چەک لە شان و قەڵەم بەدەست بەرەو بەرزایی ڕێگەی تێکۆشانی لەگەڵ دەپێون و بە ئومێد و ورەوە کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی ئەم گەلە بەشخوراوە شانبەشان دەبنە یار و یاوەری و بەتەنیا جێی ناهێڵن. دێموکرات پێشەنگ و شەنگەسواری شۆڕشێکە کە هەردەم لەنێو دڵی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستاندا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە و کاروان کاروان پەیوەستبوونی کچان و کوڕانی کورد بەو قافلە نەپساوەیە نیشانەی خۆشەویستی، ماف‌ویستی و دێموکراتبوون و لەسەرپێ ڕاوەستان و نەوەستانیەتی. کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو جارێ بەهێز و گوڕ و بەرنامەیەکی تازەترەوە، بە کۆمەڵی ئیدە و فکرەوە کورەی خەباتی کوردایەتی و حەقخوازانەی گەلی کوردی جۆش داوەتەوە و خوێنی تازەی کردۆتەوە نێو شادەمارەکانی شۆڕش و کۆسپەکانی تەخت کردوە و لە هەوراز و نشێوان تێپەڕیوە. بەرداشی زەمان و چەرخی چەپگەردی گەردوون گەلێک گرد و گابەردی هاڕی و شوێنەواری لێ نەهێشتن. حیزبی دێموکرات گەرچی کەوتە بەر بەرداشی ئەو زەمان و ئەم دەورانە، گەرچی حاکمانی عەوداڵی تاج و تەخت و پیلانگێڕانی ژێر مەندیل و عەمامە و عەبا، بەخەیاڵی توانەوە و سڕینەوەی شوێنەواری ئەو حیزبە بوون،   گەرچی حیزبەکەی قازی، سەرکردە و گەورەپیاو و شێرەژنی زۆری لەدەست دا، ڕێبوارانی هەزار هەزار بوونە قۆچی قوربانیی ئەم خاک و ئاوە؛ بەڵام هەموو جارێ لە ناوەندی شارێ یا لە بەرزترین لووتکەی شاخ و داوێنی چیایەکی ئەم کوردستانە، ئاڵابەدەست جاڕی کۆنگرەی نوێ و نوێبوونەوەی داوە. لەو مەیدانەدا گەلێک ڕۆڵەی زانا و ئازای ئەم نیشتمانە سەریان هاتۆتە نێو سەران و بوونە پێشەنگی کاروان و، بوونە کارزان و کاراکتەر، بوونە ڕێبەر و ڕێنیشاندەر، یا سەریان چۆتە سەر سێدارە یا لە سەنگەر ئازایانە بەرەوپیری مەرگ چوون یا ڕێبواری بەحەقی ئەو ڕێبازە پیرۆزە بوون و هەروا ئەم ڕێگەیە دەپێون، مخابن زۆریشن ئەو سوارچاکانەی جێگەیان لە کۆنگرە یەک لەدوای یەکەکان خاڵی بووە. چ لەو دەمەیدا کە لە کۆشکە زێڕینەکانەوە فەرمانی جەنگ دژبە کورد دەدرا و چ لەو کاتدا کە لە جەمارانەوە فەرمانی جیهادی دژبە کورد دەر دەکرا، ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە چیا و شاخ و دەشت و دۆڵی ئەم نیشتمانەی کردبووە گۆڕستانی دوژمنان و لەگەڵ قرمژنی چەکی دەستی پێشمەرگە و بەرگریی ڕەوا،  یەک لە دوای یەک کۆنگرەکانی دەگرت و سوێندی وەفاداری بە دێموکراسی و دێموکرات و دێموکراتبوونی نوێ دەکردەوە. کۆنگرەی ١٧ی ئەو حیزبەش پەیمان و بەڵێنێک بوو کە لەگەڵ خوێنی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان نوێی کردەوە و ئەوەش ڕەمزی نەبەزین و دێموکرات بوون و ئەمەگ و وەفایە بۆ ڕێبازێک کە سیپارەکەی بە ئازایەتی و  هەنیسک و فرمێسک و خوێن نووسراوە.