کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ئازادبوونی دوو بەندیی سیاسیی کورد

14:37 - 2 سەرماوەز 2719

هاونیشتمانیانی بەرێز! زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر! پاش ماوەیەکی یەکجار زۆر چاوەڕوانی، ئێوارەی ڕوژی پێنجشەممە، 30ی خەزەڵوەر (٢١ نۆڤەمبری ٢٠١٩) دوو زیندانیی سیاسیی کورد کە لە بەڕابردووترین زیندانییانی سیاسیی ئێران و کوردستانن، دوای نیزیک بە سێ دەیە بەندکران لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئازاد بوون. کاک عوسمان مستەفاپوور، خەڵکی پیرانشار دوای ٢٨ سال بەندکران و کاک محەممەد نەزەری خەڵکی ساینقەڵا باش ٢٥ ساڵ بەندکران و بەرگەگرتنی دەیان ساڵ ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕوحی هاوری لەگەڵ چەندین زیندانیی سیاسیی دیکە ئازاد بوون. ئەم دوو زیندانییە کوردە لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا بۆ تاقە جارێکیش لە مافی مەرەخەسی و ئەو مافانەی کە هەر زیندانییەکی سیاسی دەبێ هەیبێ، بێبەش بوون، بۆیەش ئازادبوونیان بۆتە هۆی خۆشحاڵی و پێخۆشبوونی لەڕادەبەدەری خەڵکی کوردستان، بەتایبەت بنەماڵەکەیان و دوستان و هاورێیان و هاوخەباتەکانیان کە لە پێناو وەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەواندا تێدەکۆشن. ئازابوونی ئەم دوو کەسایەتییە خۆشەویستەی کۆمەڵانی خەڵک پاش نیزیک سێ دەیە خۆراگری و سووربوون لەسەر باوەڕەکانیان، سەلمینەری ئەوەیە کە لە کۆتاییدا هەر ئیرادەی زیندانییانی سیاسییە کە بە سەر سێدارە و ئازار و ئەشکەنجە و گرتووخانەدا سەر دەکەوێ و دەری خستەوە کە بە ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان؛ باوەری ئازادیخوازانەی زیندانییانی سیاسی بە چوکدا نایە. ئێمە هەواڵی ئازادبوونی کاک عوسمان و کاک محەممەد بە سەرکەوتنی ئیرادەی مافخوازانەی گەلی کورد دادەنێین کە لە خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسیدا خۆ دەردەخا، هاوکات سڵاو دەنێرین بۆ ئەو هەزاران بەندیی سیاسییەی دیکە کورد کە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا ماونەتەوە و بەداخەوە ژمارەیان هەر دێ و زیاتر دەبن. وەک دەزانین لە ئێستادا و دوابەدوای سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و کوردستان ئەوەندەی زاندراوە زیاتر لە سێسەد کەس لە کوردستان لە ڕەشبگیرەکاندا گیراون. بێگومان وەک چۆن ئازادبوونی کاک محەممەد نەزەری و کاک عوسمان مستەفاپوور سەرکەوتنی ئیرادە بە سەر کۆت و بەندی سەلماند، کۆماری ئیسلامی هەرگیز ناتوانێ بە سەرکوت و بەندکردن و پەت و سێدارە باوەڕی مافخوازی و شوناسخوازیی خەڵکی کوردستان بەچۆکدا بێنی و ئەوەی دەبێ بەچۆکدا بێ هەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. زیندانییانی سیاسی گوڵی سەرتۆپی خەباتی نەتەوایەتیمانن و خەڵکی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی و سەری ڕێز و کڕنۆش بۆ فیداکاری و لەخوبوردوویی ئەوان دادەنوێنن. ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخێرهاتنەوە بە کاک محەممەد نەزەری و کاک عوسمان مستەفاپوور دەڵێ و سڵاوی گەرمی ڕێز و خۆراگرییان بۆ دەنێرێ و هاوکات هیوادارە بە بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستان و ئێران بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەموو زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە باوەشی خەڵك و نیشتمان. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان