کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا دوای ٦ڕۆژ خۆپیشاندان بێدەنگی شکاند

19:17 - 2 سەرماوەز 2719

وتەبێژی یەکیەتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە خۆپێشاندانەکانی ئێران ئەو وڵاتەیان لەرزاند و کوژراوی زۆر لێکەوتەوە. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە پێویستە کۆماری ئیسلامی ئەوپەری نەرمی لە بەرابەر خۆپێشاندەران بنوێنێت. "مایا کوسیانچیچ" وتەبێژی کاروباری دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ خەزەڵوەر داوای لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد لە بەرامبەر خۆپێشاندەرانی ئێران نەرمی بنوێنێ و کۆتایی بە کردەوە تووندوتیژەکانی لە بەرامبەر خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتە بێنێت. هەواڵدەری فەرانسە کە ئەو هەواڵەی بڵاو کردۆتەوە، ڕایگەیاندووە لە خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون. وتەبێژی یەکیەتی ئەوروپا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوان داوای کرد کە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. هەروەها "ئشتێڤان لیبیش" وتەبێژی فراکسیۆنی پارلەمانی چەپەکانی ئاڵمان ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ناڕەزایەتیەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران و تووندوتیژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر خۆپێشاندەران کرد. لیبیش داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد بە زووترین کات ڕشتنی خوێنی خەڵکی خۆپێشاندەر کۆتایی پێبێنێت.