کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٦٠ کەس لە خۆێشاندەرانی شاری خووزستان

19:23 - 2 سەرماوەز 2719

هاوکات لەگەڵ بچڕانی ئینترنێت لە شارەکانی ئێران و بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان، هەندێ سەرچاوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز باس لەوە دەکەن کە لە شاری خووزستان لانیکەم ٦٠ کەس کوژراون. لەکاتێکدا کە نەبوونی ئینتەرنێت بووە بە کێشەیەکی گەورە و پێوەندییەکان لە کەمترین ئاست دان، خەڵک هەر لەسەر شەقامەکانن و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام خەریکی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی ئێرانن. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هیچ ئامارێکیان سەبارەت بە ڕادەی کوژراو و بریندارەکان ڕانەگەیاندووە و خەڵکێکی زۆر دەسبەسەر کراوە کە تا ئێستا سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە دەسبەسەرکردنی ٧٠٠٠ کەس دەکەن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە خۆپیشاندانەکان لە شاری ئەهوازەوە دەستی پێکرد و خێرا سەد شاری ئێرانی گرتەوە. هەر ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ٦٠ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و زۆربەیان خەڵکی شاری ماهشەهر بوون. شایانی باسە کە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر، واتە چوارەمین ڕۆژی خۆپێشاندانەکان، فەرمانداری ماهشەهر بڕیار بوو کە ئاماری کوژراو وبریندارەکان بڵاو بکاتەوە، بەڵام بەدوای ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکە لەوبارەوە هیچ لێدوانیکی نەدا.