کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێرانەوە

19:37 - 2 سەرماوەز 2719

ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەست زوڵم و ستەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژانە سەرشەقامەکان و خەڵک دژی ڕیژیم دروشمیان دا و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان تا ئێستاش کۆتاییان نەهاتوە. لە دووهەم ڕۆژی خۆپێشاندانی خەڵکی ئێران کە زیاتر ١٤٥ شاری ئێرانی گرتەوە، لە یەکەمین کاردانەوەدا ڕێژیم فەرمانی دا بە هێزە بەکرێگیراوەکانی کە خۆپێشاندانەکان سەرکوت بکەن. لەم خۆپێشاندانانەدا تا ئێستا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەنەتەوەیی باسی لە کوژرانی ١٣٠ کەس کردووە، بەڵام بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان ڕاددەی کوژراوەکان دەگاتە سەدان کەس و هەزاران کەسیش ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون. لەگەڵ ئەوەی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر خامنەیی بۆ چەواشەکردنی بیرەوڕای گشتی ڕایگەیاند کە ئەو خۆپێشاندانانە پیلانی دژمنان بووە و کۆتایی پێهاتوە، بەڵام تا ئێستاش ناڕەزایەتییەکان هەر بەردەوامن و گەلانی ئێران داوای مافەکانیان دەکەن. دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ خۆپێشاندانی بەربەرینی خەڵکی ئێران لە خەڵکی جیهان بشارێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە وێنە و فیلم و دێکۆمێنت لە سەرکوتکارییەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ بنێرن هەتا بەوهۆیەوە گەمارۆی زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنن. لە ڕۆژی دووهەمی خۆپێشاندانەکاندا کۆماری ئیسلامی ئینتەرنێتی لە سەر خەڵک بڕی بۆ ئەوەی پێوەندی خەڵکی ئێران بە دنیای دەرەوە نەهێڵێ و هەروەها لەنێوخۆی وڵاتیش خەڵک نەتوانن پێوەندی بەیەکەوە بگرن. هەر لەو پێوەندییەدا دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر محەممەد جەواد ئازەری وەزیری پێوەندییەکان و تێکنۆلۆژی و زانیاریی ئێران. هیلاری کلینتۆن هاوژینی بیل کلینتۆنی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێرانی جێگەی نیگەرانییە. هەر لەو پێوەندییەدا یەکیەتیی ئورووپا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە واز لە توندوتیژی دژ بە خۆپێساندەران بێنێ و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکات. سەید عەبباس مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ڕاگەیاندن و لێدوانەکانی یەکیەتیی ئورووپا دەستێوەردانە لە کاروباری نێوخۆیی ئێران و پشتیوانیکردنە لە ئاژاوەگێڕەکان. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی وەڕێخستنی خۆپێشاندانێک دایە بۆ دژایەتی خۆپێشاندەرانی گەلانی ئێران لە لایەن بەکرێگیراوان و دەست وپێوەندەکانی خۆیەوە و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ئەو خۆپێشاندانە بەڕێوەبچێ. تا ئێستا لەچەند وڵات بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران و دژایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئێران و کوردستان خۆپێشاندانیان وەڕێخستوە. دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی کوردستان تۆمەتی هاوکاریکردنیان لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانیان دراوەتە پاڵ و بەشێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مەریوان ڕەوانەی بەندیخانەکانی سنە کراون.