کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی کوردانی تاراوگە بۆ پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی گەلانی ئێران

15:03 - 3 سەرماوەز 2719

خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چەند ڕۆژێکە زیاتر لە ١٤٠ شاری ئێرانی گرتەوە و بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دان. کوردانی تاراوگە وێڕای گەلانی دیکەی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە بە خۆپێشاندان لەبەر دەرگای سەفارەتەکانی ئێران و ناوەندە دەوڵەتیەکانی وڵاتان، ناڕەزایەتی خۆیان لە کوشتن و سەرکوتی گەلانی ئێران و پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران دووپاتکردەوە. کوردانی تاراوگە بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن، هەمیشە لە کارەسات و ڕووداوەکاندا لەسەر خەتن و بەهەر شێوەیەک کە بۆیان بلوێ، هاودەردی و هاوسۆزی خۆیان بۆ هاونیشتمانانیان لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەردەبڕن. جێگەی باسە کە کوردانی ڕۆژهەڵات هەمیشە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکاندا پێشەنگ بوون و بێ جیاوازی بەشداری هەر جۆرە خۆپێشاندانێک بوون کە پێوەندی بە کورد و کوردستانەوە هەبووبێ و بۆ ساتێک درێغییان نەکردووە. هەر چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بەو پەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن و بە هەستێکی بەرزی کوردانە و نەتەوەییەوە دژ بە هێرشی لەشکری تورک بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان. ئەمڕۆژانەش دژ بە ڕێژیمی جینایەتکاری ئاخوندەکان لە زۆربەی وڵاتان خۆپێشاندانیان وەڕێخستو و پشتیوانی خۆیان بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە. کۆدەنگی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکارییەکانیان لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بوو بەهۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو هەموو لایەک بە یەکەوە پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات دەرببڕن و ڕێژیمی ئاخوندی ڕیسوا و مەحکووم بکەن. شایانی باسە کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی گەلانی ئێران دژ بە زوڵم و ستەمی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، ڕێژیم لە کوردستان هەروەک جاران لە کوشتن و گرتنی خەڵک خۆی نەپاراست و کوردستان لە هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران زیاتر قوربانی لێکەوتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم هێزێکی زۆری هێنابووە کوردستان، بەڵام خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لەبەرانبەر هێزی دژمندا ڕاوەستان و خۆپێشاندان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و دەیان کەس شەهید و سەدان کەس بریندار و بە هەزارانیش کەوتنە گرتووخانەکانی ڕێژیم و تا ئێستاش کوردستان هەر ئەمنییەتی و میلیتاریزەیە و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە حاڵی ئامادەباشیی دان.