کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕوپاگەندەی بەربڵاوی ڕاگەیەندنەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، دژی حیزبە کوردییەکان

16:07 - 3 سەرماوەز 2719

ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان پاش ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە کوردستان، پڕوپاگەندەی میدیایان دژی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دەست پێکردوە. پاش خۆپێشاندانەکان لە سنە، ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان ئیدعای ئەوەیان کردووە کە حیزبە کوردییەکان، بەتایبەتی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە ، هۆکاری سەرەکیی ئەو خۆپێشاندانانەن. ئەو ماڵپەڕانە نووسیویانە کە ئەندامانی حیزبەکانی کۆمەڵە و دێموکرات بە هاندانی هاووڵاتییانی ناڕازی، هێزە ئینتزامییەکانیان بەردباران کردووە و هەروەها ناوەندە دەوڵەتییەکانیان ئاگر تێبەرداوە. هەروەها وتوویانە، بەشێکی زۆر لە بینای شارەداریی ناوچەی ١ی سنە و بینای ئیدارەی گشتیی کارەبای ئەو پارێزگایە تێکدراون و ژمارەیەک لە بانکەکانی ڕێگای فەیزاوا هەتا چوارڕێیانی چوار باغ، شەقامی ١٧ی خەرمانان، کارآموزی و کەمەربەندیی کرێکارانیان ئاگر تێبەرداوە. لەو پێوەندییەدا، جێگری سیاسی- ئەمنییەتیی پارێزگاری سنە و فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی ئەو پارێزگایە، هاووڵاتییانی ناڕازیی بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە. پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، پشتیوانیی خۆی لە خۆپێشاندانی خەڵک بۆ دابینکردنی ماف و داواکارییەکانیان ڕایگەیاند. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، جارێکی دیکە پێداگریی لەسەر هاوپێوەندی و پێویستیی یەکیەتیی نێوان تەواوی نەتەوەکانی ئێران کردەوە و پشتیوانی لە داوا ڕەواکانیان کرد. خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان لە دەست زوڵم و ستەمی چل ساڵەی ڕێژیمی ئاخوندی، دژ بە کوشتن و سەرکوتکارییەکانی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی، هەڵمەتیان بردە سەر ناوەندەکانی ئەو چەکدارانەی ڕیژیم و لە هێندێک شوێن جاسووسخانە و ناوەندەکانی بڕیاری کوشتنی خەڵکیان ئاگر تێبەردا و بەو شێوەیە ناڕەزایەتی خۆیان بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئاخوندی دەربڕی.