کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم خەریکی پەروەندەسازییە بۆ خۆپێشاندەران و ناڕازیانی کوردستان

16:13 - 3 سەرماوەز 2719

دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان، داوای لە دامودەزگاکانی حکوومەت کردووە، لەسەر هاووڵاتییانی ناڕازی سکاڵا تۆمار بکەن. محەممەدئەمین سادقی"، دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" ڕایگەیاند کە ناوەندە حکوومەتییەکانی خەساربەرکەوتوو بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییان، دەتوان لە دادسەرا و ناوەندە قەزاییەکان، سکاڵای خۆیان لەسەرخۆپێشاندەران تۆماربکەن. ئەو بەرپرسە قەزاییە، هاووڵاتییانی بە ئاژاوەگێڕ و دوژمنانی سوێندخواردووی ئینقلابی ئێران ناو برد و پەنجەی تاوانی بۆ ئۆپۆزسیۆنەکان ڕاکێشا. دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان، داوای لە ناوەند و دامودەزگاکانی حکوومەت کردووە کە دەتوانن سەردانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە بکەن و سکاڵای خۆیان لەسەر هاووڵاتییان تۆمار بکەن. محەممەد ئەمین سادقی" هەورەها دەڵێت، ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانەوە شناسایی دەکرێن و پاش دەسبەسەرکردنیان، سزا دەدرێن. لێدوانەکانی دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان لە حاڵێکدایە کە هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان لە شارەکانی کوردستان، خەریکی ڕەشبگیری و سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی ناڕازین. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ماوەی چل ساڵە سەروەت و سامان و داهاتی خەڵک و وڵاتی ئێران بە تاڵان دەبا و گرووپی تێرۆریستی بە سامانی خەڵک پێکدێنی و خەریکی کوشتن و ئاژاوەگێڕییە لە جیهاندا، ئەوە بۆخۆی بە حەڵاڵ دەزانێ بەڵام خەڵکی ناڕازیی لەدەست ئەو هەموو زوڵم و ستەمە بە تاوانبار دەناسێنێ و دەیهەوێ بەو شێوەیە سەرپۆش لە سەر گەندەڵییەکانی دانێ و لە لایەکی دیکەوە دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە لە قووتی خەڵک داهاتێک بۆ ڕێژیمە گەمارۆدراوەکەی پەیدا بکا و بەوشێوەیە خەڵک چاوترسێن بکا و تۆڵەی دەنگی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازییان لێبکاتەوە.