کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی چاودێری وزەی ناوەکی: "دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران وردەکاری دەزگا ناوەکیە نهێنییەکانی خۆی ئاشکرا بکا"

16:23 - 3 سەرماوەز 2719

سەرۆکی ئاژانسی چاودێری ناوەکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ: "کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ وردەکاریی و زانیارییەکی نەداوە لە بارەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوەندێک کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە". بەرێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بە وەکالەت "کۆرنێل فێروتا "، ڕۆژی پێنجشەممە بە دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسەکەی ڕاگەیاند کە بڕیاربووە لە حەفتەی داهاتوو کۆبونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە تاران ئەنجام بدرێت. شایانی باسەکە دوو حەوتوو لەمەوبەر پشکێنەرەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی نیشانەکانی یۆرانیۆمیان لە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم دیتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاژانسەکەی ئاشکرا نەکردبوو. ئەمەش وا دیارە ئەو قسەو بەڵگانەی ئەمەریکا و ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە کە باس لە عەمبارێکی نهێنی چەکی ناوەکی ئێران دەکەن و پێویستە ڕێژیمی ئاخوندی لەوبارەوە وەڵامدەر بێت. جێگای ئاماژەیە کە پێشتر و بۆ چوارەمین جار کۆماری ئیسلامی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیومی خۆی بەرزکردەوە کە ناڕەزایەتی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانی لێکەوتەوە.