کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی یەکتر بە پچڕاندنی ئینتەرنێت تۆمەتبار دەکەن

16:32 - 3 سەرماوەز 2719

پاش خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیم لە ترسی ڕووخان و پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان هێڵەکانی ئینتێرنتی پچڕاند کە پێوەندییەکانی خەڵک لەنێوخۆ و بۆ دەرەوەی وڵات لە یەک داببڕێ و هەر بەو هۆیەوە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا گەمارۆی خستەسەر "ئازەری جەهرۆمی" وەزیری پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەمڕۆ ماڵپەڕی "هەمشەهری ئانلاین" لە زاری نوێنەرێکی مەجلیسی ئاخوندەکانەوە نووسی: "پچڕانی ئینترنێت بە فەرمانی وەزیری نێوخۆ بووە و ئازەری جەهرۆمی هیچ دەستێکی تێدا نەبووە". مێهرداد لاهووتی نوێنەری لەنگروود لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیدا ئەمرۆ ٣ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لە گەڵ "هەمشەهری ئانلاین" باسی لەوەکرد کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئەستۆی وەزیری ناوخۆیە. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە پاش ئاڵۆزییەکان ئینتێرنێت گەڕاوەتەوە بێجگە لە پێنج پارێزگای کرماشان، سنە، فارس، خوزستان وئەلبورز کە ئەویش هۆکاری خۆی هەیە. شایانی باسەکە ئەم پێنج پارێزگایە زۆرترین ئاماری خۆپێشاندان، گیانلەدەستدان، بریندارکردن وگرتنیان تێدابووە.