کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێرانەوە

14:17 - 4 سەرماوەز 2719

خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە زوڵم و ستەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون و خۆپێشاندەران دژ بە ڕێژیم دروشمیان دا و تێکهەڵچوونێکی توند لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژم ڕوویدا. دوای ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران بڕیاری بردنە سەری نرخی بەنزینی دا، خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەست گرانی و نەهامەتی و سەرکوتکاریی ڕێژیمی ئاخوندی ڕژانە سەر شەقامەکان و دژ بەو بڕیارەی دەوڵەت وەستانەوە. هەر لە یەکەم هەنگاودا ڕێژیم بەجێی ئەوەی کە لەهەوڵی جێبەجێکردن و وەڵامدانەوە بە ویستەکانی خەڵک بێ، فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی دا کە دژ بە خۆپێشاندەران بوەستنەوە و ئیزنی پێدان کە تەقەیان لێبکەن و بیانکوژن. دوای ئەوەی کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕندانە پەلاماری خەڵکیاندا و تەقەیان لێکردن، خەڵکیش بۆ وەڵامدانەوە بە دەستدرێژییەکانی ڕێژیم، هەڵیانکوتایە سەر ناوەند و بارەگا و جاسووسخانەکانی ڕێژیم و چەند شوێنێکیان ئاگر تێبەردا. ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی لە ئەمریکا و لەو وڵاتانە کرد کە پشتیوانیان لە خۆپێشاندەران کردووە و ڕایگەیاند کە وەڵامێکی توندیان دەدەنەوە. قاسم میرزایی نیکو، نوێنەری دەماوەند لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ڕایگەیاند کە لە ٥٠٠ شوێنی ئێران خۆپێشاندان ڕوویداوە و لەو خۆپێشاندانانەدا زیاتر لە ١٣٠ کەس کوژراون. هەواڵدەریی "ئیسنا" سەر بە سپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکا کە محەممەد جەعفەر مونتەزیری دادستێنی گشتیی وڵات سەردانی زیندانی فشافوویە"ی کردووە و رایگەیاندووە کە دەسبەسەرکراوەکانی خۆپێشاندانەکان لە دۆخی زیندان ڕازین. ئەو قسانە لە کاتێکدایە کە وێنەی چەند زیندانییەک بە دەست و پێ شکاوی وێنەکانیان بڵاوکراونەتەوە کە لە زیندانەکان لە لایەن جەللادەکانی ڕێژیم یا لەکاتی دەست بەسەرکردنیاندا ئەشکەنجە و ئازار دراون. دوای ١٠ رۆژ لەخۆپێشاندان تا ئێستاش ئامارێکی ڕەسمی کوژراو و بریندار و دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیم و ناوەندە پێوەندیدارەکان ڕانەگەیەندراوە. بەپێی ڕاپۆرتی چەند سەچاوەیەک تا ئێستا باس لە کوژرانی ١٣٨ کەس و دەسبەسەرکرانی ٧٠٠٠ کەس دەکرێ. دوای چەند ڕۆژێک لە پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئێستا لە هێندێک شوێن خەڵک دەستی بە ئینتەرنێت ڕادەگا بەڵام تا ئێستاش بەبەردەوامی لە هەموو شوێنیک کار ناکا. عەبدولکەریم سروش لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر دەوڵەت وەڵامی ویستی خۆپێشاندەران نەداتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە خەڵک دەست بۆ چەک بەرن.