کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

16:53 - 4 سەرماوەز 2719

ئەمڕۆ ٢٥ی نۆڤامبر وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دیاری کراوە و هەموو ساڵی لەو ڕۆژەدا لایەنە پێوەندیدارەکان بە مافی ژنانەوە هەواڵ و راپۆرت و بابەتی تایبەت لەسەر پێشێلکرانی مافی ژنان بڵاو دەکەنەوە و؛ چالاکیی تایبەت بە وشیارکردنەوەی کۆمەڵ لەو پێوەندییەدا بەڕێوە دەبەن. توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان وەک دیاردەیەکی کەلتووری و سیاسی هەمیشە یەکێک لەو ئارێشە کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی کوردستان بووە، کە سەرەڕای بەرەوپێشچوونی ئاستی زانیاری و وشیاریی خەڵک؛ بەڵام دیسانەکەش ژنان قوربانیی توندوتیژیی سیستماتیکن و مافەکانیان لە ڕەهەندی جۆراوجۆری دیکەوە پێشێل دەکرێ. نیزامی سیاسیی زاڵ بەسەر ئێران کە هەم پیاوسالار و هەم دژی ژنە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی و مانەوەی توندوتیژییە دژی ژنان. لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا ژنان بەپێی قانوونە نووسراو و پەسندکراوە حکوومەتییەکانە کە مافیان پێشێل دەکرێ و جیاوازیی ئاستی دابینبوونی مافەکانی ژنان لە ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە یەکجار زۆرە. بێبەش‌کردنی ژنان لە مافەکانیان لە ئێران و کوردستان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی زۆر دیاردە و خەساری کۆمەڵایەتی وەک "خۆکوژی" کە لەوەشدا ژنان قوربانییانی سەرەکین و ئەم دیاردەیە لە کوردستان پتر لە هەموو شوێن و ناوچەیەکی دیکەی ئێران بەرچاو دەکەوێ. بەپێی ئاماری "چاونیوز"، ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ٧٥ ژن لە کوردستان خۆیان کوشتوە کە "چاونیوز" توانیویەتی ناوی ٤٨ کەس لەوان تۆمار بکا. لە مانگی ڕەزبەریش‌دا لانیکەم زیاتر لە ٣٥ کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٢١ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. لە وەرزی بەهاریش‌دا ئەوەندەی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردبوو، ٧٢ کەس و لە وەرزی هاوینیش‌دا ٨٧ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا خۆیان کوشتوە و ناو و نیشانیان تۆمار کراوە، گەیشتە ٢٢٨ کەس. لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ١٧٠ کەس لەو سەدان کەسەی هەوڵی خۆکوشتنیان دابوو، بەداخەوە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو ببوو کە ٦٢کەسیان پیاو و ١٠٨کەسیان ژن بوون. هەر پێکگرتنی ئەم ئامارە پێمان دەڵێ ژمارەی ئەو کەسانەی لە ٨ مانگی ئەمساڵدا خۆیان کوشتووە، هێندە و نیوی ئاماری ئەو کەسانەیە کە لە هەموو یەک ساڵی ڕابردوودا خۆیان کوشتوە کە بەشی هەرە زۆریان ژنن. توندوتیژی و پێشیلکارییەکانی دژی ژنان لە ڕەهەندی جۆراوجۆری دیکەی کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵدا بەرچاو دەکەوێ و ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نیزامی سیاسیی وڵات بە چەقبەستوویی خۆی نایەوێ هیچ کرانەوەیەک لە بارودۆخی مافی ژناندا بێتە پێشێ و ئەمە بە زیان و مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەبینێ.