کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لەنێو بەرداشی داگیرکەراندا

21:42 - 4 سەرماوەز 2719

بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ڕووداوەکانی ئەو دواییەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و کوردستان وەکوو ھەڵکەوتەیەکی مێژویی-نەتەوەیی لە نێوەڕاستی ئەو جوغرافیا ئاڵۆزەدا، بۆمان دەردەکەوێ کە کورد و نیشتمانەکەی چۆن بۆتە کارتی بازرگانی و سیاسی لە نێوان زلھێزان و دەوڵەتانی باڵادەستی ئەم زێدە بێنازە و چۆن کایە بە چارەنووسی ئەو گەلە بەشمەینتە دەکەن. گوڕانکارییەکانی ناوچە ئەوەندە بەخێرایی ڕوو دەدەن کە ھیچ شرۆڤەکارێک فریای لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕووداوەکە ناکەوێ، بۆیە بەکورتی دەمھەوێ باس لە ڕۆڵی کورد وەک خۆی بکەم لە ھاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. داگیرکەران زۆر وردبینانە پلانی داگیرکاری بەردەوامی خۆیان نوێ دەکەنەوە و، لە ھەر جۆرە شەڕێک بۆ سڕینەوەی کوردان و دەسبەسەردا گرتنی سامانی نەتەوەیی و نیشتمانییان کەلک وەردەگرن. بۆیە ئێمەی کوردیش دەبێ بە باوەڕ بە ڕاستیی مرۆڤ بوونمان و ئیرادەی نیشتمانیمان نەکەوینە داوی فێڵ و فووتی دوژمنان و خۆمان بە باوەڕ بە دۆزی ڕەوای خۆمان پۆشتە بکەین و پشت لە بەھان ەتەوەیی و ئینسانییەکانمان نەکەین. لاپەڕەکانی مێژووی گەلی ئێمە پڕە لە کارەسات و خیانەت و کاولکاری، زۆربەی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچە، کوردیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار ھێناوە و دوایی پشتیان تێ کردووە یا قەتڵوعام کراون. وا دیارە ئەو وتە بەناوبانگە دیسان خەریکە لە کوردستان بە جۆرێکی دیکە ڕوو دەداتەوە کە دەڵێ «مێژوو دووپاتە دەبێتەوە، جارێک بە تراژێدی و جارێک بە کۆمێدی» بەڵام بۆ کوردان دووپاتە بوونەوەی مێژوو ھەردەم بە تراژێدی بووە، بۆیە ئینتمای نیشتمانی و بە ئیدئۆلۆژی کردنی چەمکی بەرگریی کوردایەتی (ئەگەر بکرێ)، پێویستییەکی ھەنووکەییە بۆ مانەوەمان و بۆ ھەبوونی ژیانێکی ئازاد. ورووژاندنی ئەو بابەتە ئەرکی ڕێخراوە سیاسییەکان و ڕووناکبیرانی کورد زیاتر و قورستر دەکا، بۆیە لە سەرەتادا پێویستە تاکی کورد ڕێزێکی پراکتیک لە خۆی و سامانە نەتەوەییەکانی خۆی بگرێ و خراپەی خۆی لە باشیی دوژمن پێ چاکتر بێ و، ھەوڵی پاراستن و بەرھەم ھێنانەوەی خۆی و دەوروبەری بدا. با لە ئێستاوە ھەر لە ژووری خۆمانەوە دەست پێبکەین، تەواوی ئەو فکر و دیتنانەی کە خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکا لە خۆمانی دوور بخەینەوە. با ھەموو ئەو کەل و پەل و ئامێرانەی بوونمان لەبیر دەباتەوە و تووشی پووچی و دۆڕاندنی نرخی نشتمانی و ئینسانیمان دەکا دوور باوێژین. من پێم وایە ئیدی خۆفریودان و ئەمڕۆ و سبەینێ کردن لە کاروانی خەبات دوورمان دەخاتەوە، بۆ گەیشتن بە ئازادی دەبێ نرخەکەی بدەین و پێویستە ھەر تاکێکی کورد شۆڕشگێڕ بێ یا بەرەو شۆڕشگێڕ بوون ھەنگاو بنێ. پێویستە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە ئەو کەسایەتییە لاوازەی کە چەندین ساڵە دوژمن دە مێشکی ئێمەدا سازی کردوە تێک بڕوخێنین و شۆڕشمان دەروونی و شێلگیر و بەھێز بکەین. کورد گوتەنی: « شەڕ قوونی دە دەرکێ ناوە» ئەگەر خۆی بۆ ساز نەکەین و بەھێز نەبین، ئەوا جارێکی دیکە تووشی دۆڕانێکی گەورە دەبینەوە. باوەڕ بەخۆیی شۆڕشێکی دەروونی و خۆ بەڕێک خستن کردن، دەتوانێ ببێتە ھەوێنی سەرکەوتنمان. ئیدی با چیدیکە ئەو بارە قورسەی بێ‌نیشتمانی و بێ‌وڵاتی بۆ نەوەکانی داھاتوو بەجێ نەھێڵین، ھەرکەس لە خۆیەوە دەست پێبکا دڵنیا بن ئازادی مسۆگەرە.