کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

14:18 - 5 سەرماوەز 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی نوڤامبر، کاک سەید برایمی حوسێنی، تێکۆشەرێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد. کاک سەید برایم لە تەمەنی ٧٥ ساڵی دا و دوای چەندین مانگ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، لە نەخۆشخانەی شاری ڤێستڕۆسی وڵاتی سوئید ماڵاوایی لە ژیان کرد. سەید برایمی حوسێنی ساڵی ١٩٤٦ی زاینی لە گوندی “سەخسیتەپە”ی ناوچەی سندووسی نەغەدە لە باوەشی بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناو دایک بوو. ئەو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە لەگەڵ بێبەشی و ستەملێکراویی نەتەوەکەی و بیری کوردایەتی ئاشنا بوو . سەیدبرایم ساڵی ٤٦ی هەتاوی لە لایەن مەئموورەکانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە گیرا و بۆ ماوەیەک لە بەندیخانە دا مایەوە. پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ئێران و دوای ئەوەی کۆمیتەی زاگرۆسی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهات، سەید برایم ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و خزمەت بە نەتەوەکەی ڕاگەیاند و وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و بەباوەڕی حیزب دەستی بەکارکرد. دوای ڕووخانی ڕێژیم و دەسپێکرانی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، کاک سەیدبرایم چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد، ماوەیەک بەرپرسایەتیی لە بەشی پێشمەرگە لە ناوچەی نەغەدە دا هەبوو و دواتر بوو بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی نەغەدەو بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ناوچەی خەڵیفەلیانی نەغەدەی پێسپێردرا. لە ساڵی ٦٣ی هەتاویدا دوای ماوەیەک کارکردن لە کۆمیتەی شاروێرانی سەروو، لە لایەن کۆمیتەی شارستانی نەغەدەوە بەرپرسایەتیی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژی حیزبی پێ‌سپێردرا و ماوەی سێ ساڵیش ئەو ئەرکەی بە دڵسۆزییەوە بەڕێوەبرد. سەرەتای ساڵی ٨٨ زاینی، کاک سەید برایم بەبنەماڵەوە وەک پەنابەری سیاسی پەڕیوەی وڵاتی سوئێد بوون. لە ژیانی ئاوارەییش دا ئەوەندەی لە توانای دابوو، تێکۆشا، خزمەتی بە بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەی کرد و بە وەرگرتنی کار و بەرپرسایەتی لە کۆمیتەی ڤێستڕۆس و هاوکاری و یارمەتیدانی کۆمیتەی حیزب لە سوئێد، ئەرکی خۆی بەڕێوە برد. سەید برایمی حوسێنی مرۆڤێکی دڵپاک، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو و هەتا دواڕۆژی ژیانیشی ئاواتی گەورەی ئەوە بوو کە خەڵک و وڵاتەکەی لە ژێردەستی ڕزگار بن. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی کاک سەید برایم و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.