کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندی‌دارەکان بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان

14:32 - 5 سەرماوەز 2719

پاش تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و کوردستان هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی شارەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە میلیتاریزە کراون. پاش ئەوەی زیاتر لە ٨ رۆژ هێڵی ئینترنێت پچڕا، بەڵام تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تا ئێستاش لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی کوردستان هێڵی ئینترنێت پچڕاوە. سەرچاوەخۆجێیەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن زیاتر لە ٧هەزار کەس لە سەرانسەری ئێران دەسبەسەرکراون کە زۆربەیان خەڵکی شارەکانی کوردستانن. بەپێی هەواڵێک کە لە مەریوانەوە بەدەستمان گەیشتوە، دوای سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ، بانگکردن و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ئەوشارە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بەشێوەی ‌ هەڕەمەکی بەردەوامە و دۆخی گیراوانی ئەو شارە کە بەشێکی زۆریان لە نێو پادگانەکان ڕاگیراون، نالەبارە. دەگوترێ دەسبەسەرکراوانی کورد لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردان و دەنگۆی ئەوە هەیە کە دوو لاوی مەریوانی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی هەر بەندکراوێک داوای ٥٠ میلیۆن تمەنی لە بنەماڵەکانیان کردووە. هەروەها دەگوترێ بڕی ١٨ میلیۆن تمەنیان لە کەسوکاری شەهیدەکان وەرگرتووە هەتا تەرمی ڕۆڵەکانیان ڕادەست بکەنەوە. جێی ‌ئاماژەیە پارێزگاری کرماشان بە توندی هەڕەشەی لە گیراوان کردووەو ئەوانی بە دارەدەستی هێزی دەرەکی لە قەڵەم داوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەگەری سزای قورس و تەنانەت سەپاندی سزای ئێعدام بۆ هێندێک لە گیراوان هەیە. نالەباری دۆخی گیراوان و زاڵ بوونی کەشی سەربازیی بەسەر شارەکانی ئێران، بەتایبەتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی وەدەنگ هێناوەو هەر لەو پێوەندییەش ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیاندراوێک وێڕای پاڵپشتی کردن لە مافی ڕەوای گیراوان و مەحکووم‌کردنی دەزگای سەرکوتکەری ڕێژیم، خوازیاری ئەوەیە کە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ گوشاری زیاتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی و گیان و ژیانی دەسبەسەرکراوان پارێزراو بێ.