کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد

15:02 - 5 سەرماوەز 2719

دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار گیانیان لەدەستدا. چەند ڕۆژ لەمەو پێش کاسبکارێکی خەڵک مەهاباد بە نێوی "سمکۆ قادری نیا" لە سنووری نێوان پیرانشار بۆ شنۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەستدا. هەر لەو پێوەندییەدا و لە سنووری پیرانشار دەستەیەک لە کۆڵبەران کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "ناسر مرادپور" خەڵکی " گۆزەڕەش، سەر بە شاری سەڵماس، گیانی لە دەستدا. شایانی باسە کە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە تەرمی ناسریان بە دەسبەسراوی دیتۆتەوە کە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران کوژرابوو. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەبەر نەبوونی کار و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران ڕۆژانە لە سەر سنوورەکانی کوردستان بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت تەقە لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەکەن و ساڵانە خەڵكێکی زۆر دەکوژرێن و بریندار دەبن.