کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری دەسبەسەرکراوانی بەندیخانەی فشافوویە

15:07 - 5 سەرماوەز 2719

هەزاران کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە دۆخێکی نالەباردا لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر دەبەن. یەکێک لەو بەندیخانانە، بەندیخانەی فەشافوویەیە کە زیندانێکی گەورەی تارانە. ئەو زیندانە، جێگای کەسانێکە کە تاوانی قورسیان لەسەرە، بەڵام ئێستا بووەتە جێگەی دەسبەسەرکراوان و ئەشکەنجە و ئازاری کەسانی دەسبەسەر کراوی خۆپێشاندانەکان. ئەو بابەتە بووەتە هۆی ئەوەیکە بەرپرسی شووڕای شاری "ڕەی" لەو پێوەندییەدا ناڕەزایەتی دەببڕێ، چوونکە ئەو گرتووخانانە جێگە و ئیمکاناتی ئەو هەموو خەڵکە دەسبەسەر کراوەی نییە. حەسەن خەلیل ئابادی، بەرپرسی شووڕای شاری "ڕەی" لەو پێوەندییەدا دەڵێ: "بەهۆی زۆر بوونی دەسبەسەر کراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەرەوە، بەندیخانەکانی ئێمە جێگەی ڕاگرتنی ئەو هەموو دەسبەسەرکراوانەی نییە و هیچ کەرەسە و ئیمکاناتێکی پێویستمان نییە کە وڵامدەری ئەو دۆخە بێ. هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەرپرسانی وڵات دەبێ لە فکری ئەوەشدا بن کە بەندیخانەی فشافوویە جێگەی کەسانی مەترسیدارە و ئەگەری ئەوە هەیە کە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان زیندانیان و کەسانی ناڕازیی دەسبەسەر کراودا ڕوو بدا و کارەساتی لێ بکەوێتەوە. هەر بۆیە پاراستنی گیانی دەسبەسەرکراوان زۆر ئەستەمە. لەلایەکی دیکەوە "قاسم شوعلە سەعدی" کە شارەزای بوارەکانی مافە و نوێنەری پێشووی مەجلیس بووە دەڵێ: "من خۆم ئەزموونی ئەو بەندیخانەیەم هەیە و دەزانم چەندە مەترسیدارە.