کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد

18:25 - 5 سەرماوەز 2719

بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی کوردستان و کورد گەیشتوە شەوی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی کاک عومەر قەیتەران کۆچی دوایی کرد. کاک عومەر لە ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە گوندی "حاجی خۆش" لە بنەماڵەیەکی جوتیار لە دایک بوو. کاک عومەر بە هۆی زیرەکیی تایبەت بە خۆی و ئاواڵە بوونی دەرگای ماڵیان بەسەر توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵانی خەڵک و ئاشنا بوونی خێرای لەگەڵ خەڵکی زۆر ، زۆر زوو لە کڵ هاتەدەر و بوو بە جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەی شاروێرانی مهاباد. کاک عومەر بەهۆی پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتەوە چەند جار بۆ ساواک بانگ کرا، پاش زۆر جار بازداشتی کورت ماوە، سەرئەنجام لە دەیەی چلدا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بە تاوانی خەباتی سیاسی زیندانی کرا. کاک عومەر جگە لەوەی کە بۆ خۆی دژبەرێکی نەسرەوتوو دژی حکومەتی پاشایەتی لە ئێران بوو، رۆل و نەخشی بەرچاویشی لە هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بە دژی ئەو حکوومەتە دژی گەلییە هەبوو. پاش ئاشکرا بوونی خەباتی حیزبی دێموکرات کاک عومەر چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد، بە هۆی لێهاتووی ورابردووی حیزباتی زوو بوو بە کادری ناوچەی شاروێرانی دوو و لە پاشان بوو بە بەرپرسی کۆمیتەی شاروێران. پاش گیرانەوەی ناوچە ئازادەکانی کوردستان و بەرتەسک بوونەوەی خەباتی ئاشکرای پێشمەرگایەتی کاک عومەر لە لایەن حیزبەوە ئیزنی پێدرا کە بچێتەوە سەرماڵ و ژیانی ئاسایی خۆی. کاک عومەر ئەویندارێکی راستەقینەی نیشتمان بوو. ئەو جێگای متمانەی خەڵکی دەڤەری مهاباد بوو. تا ئاخرین هەناسەی ژیانی وەفادار بە رێگای دێموکرات مایەوە و سەربازی ئەو رێگایە بوو. مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی قسە خۆش و جێگای هیوای خەڵکی ناوچەکە بوو. بە کۆچی دوایی کاک عومەر حیزبی دێموکرات ئەندامێکی لە مێژینە و وەفاداری لەدەستدا. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی کاک عومەر و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.