کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی چوار کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە شارەکانی مەریوان و سەردەشت

21:16 - 6 سەرماوەز 2719

ڕۆژی سێ شەممە ٥ی سەرمازری ١٣٩٨ـی هەتاوی کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی" تە تە لە ناوچەی هەورامان"تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی سێشەممە کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی "تە تە" لە شاری مەریوان، لەکاتی هەڵگرتنی باری قورس جەڵتەی دڵی لێدا و گیانی لەدەست داوە. ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە "هاشم حەیدەری" خەڵکی گوندی" دزڵی"ـێ سەر بە شاری" سەوڵاوا ڕاگەیێندراوە. هەروەها لەهەمان شوێن ، کاسبکارێک بە ناوی (ئەفشار) لە نزیک گوندی "دەرەتێ "دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە سەختی بریندار کراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارە سنووریەکانی کوردستان، لەبەر نەبونی بژیوی ژیانیان و کەم دەرەتانییەوە لەسەر ناوچە سنووریەکان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری، بەداخەوە ساڵانە چەندین کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکوژرێن یان لەبەرزاییەکان دەکەونە خواراوە. لە ئەمساڵدا گیان لەدەستدانی ٤٨ کۆڵبەر و برینداربوونی ١٠٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان تۆمار کراوە. هەروەها بەپێی هەواڵی گەیشتوو کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری سەردەشت بەناوی (سادق سەعیدی) لە نزیک گوندی" بێژووێ" بەدەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کراوە. هەر لەهەمان ڕۆژدا کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت بەناوی(سەعید حەسەنەوی) بە سەختی بریندارکراوە.