کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی کونسوولخانەی ئێران لەلایەن خۆپێشاندەرانی عێراقییەوە

14:47 - 7 سەرماوەز 2719

پۆلیسی عێرق ڕایگەیاندووە کە دەستەیێک لە خۆپێشاندەرانی ناڕازیی عێراقی لە شاری نەجەف، کونسوولخانەی وڵاتی ئێرانیان ئاور تێبەرداوە. سەرچاوەکانی هەواڵ لە عێراق دەڵێن کە دەستەیەک لە خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە دۆخی عێراق هێرشیان کردووەتە سەر کونسوولخانەی ئێران و سووتاندوویانە. هەروەها میدیاکانی کۆماری ئیسلامیش دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو هەواڵە ڕاستە. سەرچاوە نێوخۆییەکانی عێراق دەڵێن کارمەندەکانی ئەو کونسوولخانەیە پێشتر شوێنەکەیان چۆڵ کردبوو. هەروەها پۆلیسی عێراق ڕایگەیاندووە کە دوای ڕوودانی ئەو هێرشەی خۆپێشاندەران، هاتووچۆ لەو ناوچەیە قەدەغە کراوە. لە مانگی ئوکتۆبرەوە وڵاتی عێراق خۆپێشاندانی بەربەرینی تێدا بەڕێوەچووە کە تا ئێستا ٣٣٠ کەس زیاتر لە خەڵكی ناڕازی و خۆپێشاندەر کوژراون و هەزاران کەس بریندار کراون. ئەو خەڵکە خۆپێشاندەرە لە گەندەڵی و ناکارامەیی دەسەڵات ناڕازین و بۆ چاکسازیی بەڕێوەبەریی عێراق خۆپێشاندان دەکەن. هەروەها بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش درووشم دەدەن و داوا دەکەن کە ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەرە لە وڵاتەکەیان بڕواتە دەرەوە و سیاسەتە چەوتەکانی لە عێراق پەرە پێ نەدا. شایانی باسە کە ڕێکەوتی ١٣ خەزەڵوەر، خۆپێشاندەرانی عێراقی هێرشیان کردە سەر کونسوولخانەی ئێران لە شاری بەغدا و ئاوریان تێ بەردا. هەروەها بە چەندین جار وێنەی خامنەیی و قاسم سولەیمانیان سووتاند و خستیانە ژێر پێوە و دەیان درووشمی جۆراوجۆریان بە دژی کۆماری ئیسلامی داوە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی ئەو هێرش و خۆپێشاندانانەیان داوەتە پاڵ عەرەبستانەوە. خەڵکی عێراق بەگشتی داواکاری ئەوەن کە ڕێژیمی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە و دەستی لە خوێنی خەڵکی عێراق بشواتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە گەلانی ئێرانیش هاتوونەتە سەر شەقامەکان و بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندان دەکەن.