کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا خوازیاری دووپاتکردنەوەی گوشاری ئاڵمانە بۆ سەر ئێران

14:54 - 7 سەرماوەز 2719

ڕابرت ئوبرایان، راوێژکاری ئاسایسی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی، پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئاڵمان دەبێ گوشارەکانی بخاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. ڕابرت ئوبرایان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، لەدرێژەی سەرکوتی خۆپێشاندەرانی ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ـی خەزەڵوەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "بیڵد"ـی ئاڵمانی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئاڵمانی کردووە کە بەهۆی نەپاراستنی مافی مرۆڤ، سەرکوت، تێکدانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کار و چالاکیی بەرنامەی مووشەکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، گەمارۆکان لەسەر ئەو ڕێژیمە چڕ کەنەوە. ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە داوای کردووە کە دەوڵەتی ئاڵمان بەربڵاوترین و گەورەترین گەمارۆکانی خۆی لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دابنێت و جومگە ئابوورییەکانی فەلەج بکا. ئوبرایان دواتر باسی لەوە کرد کە دەبێ بە یەکگرتوویەکی تەواوەوە وڵاتانی ناوچە هەوڵ بدەن تاکوو کۆماری ئیسلامی بێنینە سەر ڕێککەوتنی ناوکی و ڕێگەی پێ نەدەین بە ویست و خواستەکانی بگات. هەروەها داوای کرد کە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی دەبێ هەموو باسەکان بگرێتەوە. بۆ نموونە مافی مرۆڤ و بەرنامەی مووشەکی .