کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لیندزی گرام: تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتایی دەڕوا

16:39 - 7 سەرماوەز 2719

سەناتۆری کۆماریخوازی ئامریکایی لیندزی گرام لە وڵامی هەڕەشەکانی پاسدار حسین سەلامی فەرماندەی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند ؛کە ئێران تەنیا ماوەیەکی کورتی دەرفەت ماوە بۆ دەسەڵاتداریەتی. لیندزی گرام شەوی ٢٦ی نۆڤامبێر لە لاپەڕەی فەرمیی تویتەری خۆی بە ئاماژەدان بە قسەکانی ڕێبەری باڵای ڕێژیم عەلی خامنەیی کە سەر لە نوێ کێشەکانی ئێرانی خستبووە پاڵ ئەمریکاوە، ڕایگەیاند: بە پێچەوانەی قسەکانی بەرپرسانی نیزامی و ئەمنی ئێران گەورەترین دوژمنی خەڵکی ئێران، نە وڵات و نە دەوڵەتی ئەمریکایە، بەڵکوو شوێنکەوتووانی ئایەتوڵڵاکانن کە پاسدار سەلامی یەکێک لەوانەیە و بووتە هۆی نەهامەتی بۆسەر خەڵکی ئێران. سەناتۆر لیندزی گرام هەروەها ڕایگەیاندوە: کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەروەت وسامانی وڵاتی ئێران بە تاڵان دەبەن و دەیکەنە تێچووی ئاژاوەنانەوەو پەرەپێدان بە تیرۆریستان لە ناوچەکەو جیهاندا. ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە وتەکانی‌دا دەڵێ: ئەوەی لای من ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی دوایین رۆژانی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکا. لێندزی گرام هەروەها بەڵێنی دایە خەڵکی ئێران کە سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا درێژە بە گوشارەکانی خۆی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەداو ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕۆخێ ناوچە ڕووی ئارامش بە خۆیەوە دەبینێ. هەڵوێست و قسەکانی لیندزی گرام بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە ١٠ ڕۆژە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ڕژانە سەرشەقامەکان و بە دژی گەندەڵی و نالەباری دۆخی ئابووری و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا و زیاتر لە ۱۰۰ شاری ئێرانی گرتەوە. خۆپێشاندەران لە دروشمەکانیاندا خوازیاری نەمان و دەست لە کار کێشانەوەی بەرپرسی باڵای ڕێژیم بوون. دەگوترێ زیاتر لە ٤٥٠ خۆپێشاندەر لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا کوژراون.