کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی کرێکاری لە سنە و مەریوان

03:15 - 9 سەرماوەز 2719

دوو چالاکی کرێکاریی کورد لە سنە و مەریوان بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەسبەسەر کران. ڕۆژی دووشەممە، 4ی سەرماوەز خالید حوسێنی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بە هۆکاری ناڕوون لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە گیراوە. بڕیار بوو ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، 6ی سەرماوەز بە دانانی بریگرتەی 30 میلیۆن تمەنی ئازاد ببێ، بەڵام بە بڕیاری دادسەرا ماوەی دەسبەسەرکردنەکەی بۆ مانگێک درێژ کراوەتەوە. خالید حوسێنی ڕۆژی شەممە، 25ی جۆزەردان بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم دادگایی کرابوو. لە هەواڵێکی دیکەدا بەختیار ڕەحیمی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی مەریوان ڕۆژی چوارشەممە، 6ی سەرماوەز دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. دەسبەسەرکردنی بەختیار ڕەحیمی و شوێن‌بزر کردنی لە حاڵێکدایە کە ناوبراو نەخۆشیی دڵ و گورچیلەی هەیە و لەو ماوەیەشدا لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە. شایانی باسە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو ناڕوونە و دەگوترێ بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی گیراوە.