کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بۆ سەر مڵک و ماڵی خەڵک

15:32 - 10 سەرماوەز 2719

لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەند کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆسەر مڵک و ماڵی خەڵک بڵاوبوونەتەوە. خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا کاردانەوە و لێکەوتەی جیاجیای لێکەوتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە گرانیی بێنزین هاتبوونە سەر شەقامەکان و داوای دەستەبەر کردنی مافە ئینسانییەکانی خۆیانیان دەکرد، لەگەڵ کوشتن و سەرکوت بەرەوڕووبوونەوە و سەدان شەهید و برینداری لێکەوتەوە و بە هەزاران کەسیش ڕەوانەی بەندیخانەکانی ڕێژیم کران. ڕێژیم بۆ پاساو هێنانەوەی کوشتن و بریندارکردنی خەڵک، لە مێدیاکانیدا بڵاوی کردەوە کە لەنێو خۆپێشاندەراندا کۆمەڵێک خەڵکی تێکدەر و سەر بە وڵاتانی بێگانە هەبوون، بەڵام هەر دوای ئەو چەواشەکارییەی مێدیا و بەرپرسانی ڕێژیم، چەند کورتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرانەوە کە لە ڤیدیۆکاندا بە ڕوونی دیارە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هەڵدەکوتنە سەر مڵک و ماڵی خەڵک و کەلوپەل و دەرگا و پەنجەرەی ماڵ و دووکانی خەڵک دەشکێنن. ئێمە پێشتر لە بەرنامەیەکدا لە تەلەڤزیۆنی کوردکاناڵ بڵاومان کردەوە کە بەپێی ئەزموونی پێشتر و ڕابردووی هێزەکانی ڕێژیم، بەشێک لەو هێزانە خەریکی کاری تێکدەرانەنن تا بتوانن بەو بیانووییە هەم ئاڕاستەی خۆپێشاندانەکان بەلاڕێدا ببەن و لەبەر چاوی بیروڕای گشتی خۆپێشاندەران بە ئاژاوەگێر و تێکدەر پێناسە بکەن و هەم لە لایەکیتر بەو بیانوویە خۆپێشاندەران بکوژن و خۆپێشاندانەکان سەرکوت بکەن. بڵاوبوونەوەی ئەم کورتە ڤیدیۆیانە لە مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەک وەدرۆخستنەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم و لەسەرووی هەموویانەوە شەخسی عەلی خامنەیی بوو کە خۆپێشاندەرانی بە تێکدەر ناو برد. لە لایەکی دیکەوە ئەم ڤیدیۆیانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن لە درێژەی سیاسەتی چەواشەکارانە و فێڵبازانەی ڕێژیمی ئاخوندەکان کە ماوەی چل ساڵە بەم شێوە دەسەڵاتی وڵاتیان قۆرخ کردووە.