کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەشبگیری خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

15:34 - 10 سەرماوەز 2719

خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەوا و ئینسانییەکانیان، لەگەڵ کردەوەی سەرکوتکارانەی ڕێژیم بەرەوڕوو بۆوە و وێڕای کوشتن و بریندارکردنی سەدان کەس لە خۆپێشاندەران، زیاتر لە حەوت هەزار کەسیش دەسبەسەر کراون. بەپێی هەواڵێک کە لە شارەکانی کوردستانەوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ڕێژیم بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، ناوەندی هێزە بەکرێگیراوەکانی "خواهران زینب"ی وەگەڕ خستوە و دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری کچان و ژنانی کورد لە شارەکانی کوردستان و ڕەوانەی گرتووخانەکانیان کردوون و لێپێچینەوەیان لێدەکەن. خۆپێشاندانەکانی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر زوو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە فەرمانی سەرکوتکردنی بۆ دەرکرا و ئیزن بە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە درا کە بە چەک هێرش بکەنە سەر خەڵک و خەڵکی کورد بکوژن. کوشتنی خەڵکی کورد لەچاو شارەکانی دیکەی ئێران زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە. ڕێژیم کە ترسێکی زۆری لە کوردستان و خەڵکی کورد هەیە، هەمیشە بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیری کوردستانی کردووە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کوردستان، بەهێزی چەک و جبەخانەوە میلیتاریزەی کردووە، بەڵام قەت نەیتوانیوە خەڵکی کورد لە مافەکانی پاشگەز بکاتەوە و بەچۆکی دابێنی. دوای بێدەنگ بوونی کاتیی خۆپێشاندانەکان، بەکرێگیراوانی ڕێژیم دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری و ڕۆژانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خەڵک و لە بازاڕ و شەقامەکان خەڵک دەسبەسەر دەکەن. ڕێژیم دوای ئەو خۆپێشاندانە بەربەرینەی گەلانی ئێران ترسی لێنیشتوە و بە وتەی جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، ئەو خۆپێشاندانە لە چل ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چل ساڵە خەڵک دەگرێ و زۆر جار لە دادگا فەرمایشیەکانیدا حوکمیان بەسەردا سەپاندوون و لە سێدارەی داون، بەڵام خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کورد نەک هەر وازی لە داوا ڕەواکانی نەهێناوە، بەڵکوو سوورتر لە جاران پێداگریی لەسەر خواستەکانی کردووە و بەگژ زوڵم و زۆری دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا چۆتەوە و ئەمجارەش وەک هەموو جاران سەری لەنێو سەراندا دیاربووە و کوشتن و گرتن نایترسێنی و واز لە مافەکانی ناهێنێ.