کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی "ئایدز"

04:03 - 11 سەرماوەز 2719

ئەمڕۆ ١ی دێسامبر هاوکاتە لەگەڵ ١٠ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، کە لە لایەن ناوەندی جیهانی تەندرووستی بە ڕۆژی جیهانی"ئایدز" یا هەمان ئێچ،ئای، ڤی، ناسراوە. ساڵی ١٩٨٨ی زایینی، بە مەبەستی لە بەرچاوگرتنی بردنە سەری ئاستی زانیاری و راهێنان و بەرەنگار بوونەوەی نەخۆشی ئایدز، ڕۆژی ١ی دێسامبر دیاریکراوە و هەوڵ دەدەرێ ئەو نەخۆشییە بنەبڕ بکرێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارە نافەرمیەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، تووشبوان بەو نەخۆشییە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە کە لەو ڕێژەیە لەسەتا ٦٠ی تووشبووان گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بوون و لەو ڕێگایەوە تووشبوون و لە سەتا ٥٠ی تووشبووان تەمەنیان لە ٢٠ساڵ بۆ ٣٥ساڵە و لەسەتا١٨ ی تووشبووان ژنان و سەتا ٨٢ی پیاوانن و بەشێکی زۆریش لەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی ئایدزن بە نەخۆشییەکەیان نەزانیوە، بە شێوەیەک کە لە ڕێگەی سوورەنگی ئاڵوودە بوو و یا ڕێگەی پێوەندیی سێکسی تووشی ئەو ڤایرووسە هاتوون و بە نەخۆشییەکەیان نەزانیوە. ماوەیەک لەمەوبەر خەڵکی گوندی چنارمەحموود سەر بە شاری لوردگان زیاتر لە ٤٠٠کەس لە ڕێگای بەکارهێنانی دەرزی،(سوورەنگ) بەکارهاتوو کە لەلایەن بەرپرسانی بێهداشتەوە بەکار هاتبوون تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و ناڕەزایەتی خەڵکی لێكەوتەوە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نەک هەر هیچ ئاوڕێکیان لە دۆخی ئەو خەڵکە نەدایەوە بەڵکوو خەڵکیان بە هۆکاری ئەو نەخۆشیە زانی. هەر وەها لە گوندێکی چابەهار کە دانیشتوانی ٨٠٠کەسن زیاتر لە ١٠٠کەس بە هۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی وەزارەتی بێهداشتەوە تووشی نەخۆشی ئایدز بوون. شایانی باسە کە لە ئێران خەڵکیکی زۆر بە دەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن و تا ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ڕیگاچارەیەکی بۆ پێشگیری لە پەرەسەندن و وشیارکردنەوەی خەڵک لەو نەخۆشییە نەهێناوەتە نێو کۆمەڵگە و بەو هۆیەشەوە بە تایبەت لاوەکان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.