کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ جاری دووهەم کۆنسولخانەی کوماری ئیسلامی لە نەجەف سووتێنرا

14:40 - 11 سەرماوەز 2719

خۆپێشاندەرانی عێراقی لەگەڵ ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیان ناچار کرد کە دەست لەکار بکێشێتەوە، لە هەمان کاتدا درێژە بە خۆپێشاندانەکان دەدەن و بۆ جاری دووهەم لە نەجەف ئاگریان لە کۆنسولخانەی ڕێژیمی ئاخوندی بەردا. ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز خۆپێشاندەرانی عێراقی دژ بە سیاسەتە ئاژاوەگێری و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی حەفتەیەکدا بۆ جاری دووهەم کۆنسولخانەی ئەو ڕێژیمەیان لە شاری شیعەنشینی عێراق سووتاند. سووتاندنی بنکە و ناوەندەکانی ئەو ڕێژیمە نیشانەی ئەوپەڕی ناڕەزایەتی خەڵکی عێراقە لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری سیاسی و بەڕێوەبەری ئەو وڵاتەدا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی کە بە میلیارد دۆلاری لە قوتی خەڵکی ئێران بۆ سیاسەتە ئاژاوەگێڕەکانی و ڕێکخستنی گرووپ و میلیشیا لەو وڵاتەدا بەکار هێناوە، بەڵام لەو ماوەیەدا بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە ئاڵای ئەو ڕێژیمە ئاگر درا و وێنەی ڕێبەرەکانی کەوتە ژێر پێی خەڵکی بێزار و ناڕازی لەو وڵاتە. عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکیتر خۆپێشاندەرانی تاوانبار کرد و سووتاندنی کۆنسولخانەکانی لە نەجەف و کەربەلا بە پیلانی دەرەکی ناوبرد، دیارە ناوبراو خۆپێشاندەرانی ئێرانیشی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەستێکی دەرەکی لە پشت ناڕازایەتیەکانیانە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی وەک لایەنێکی دەرەکی لە چەند وڵات خەریکی ئاژاوەگێڕییە و سامانی خەڵکی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی پیلانەکانی بەکاردێنی، بەڵام لە لایەکی ترەوە پەنجەی تۆمەت بۆ وڵاتانی بێگانە ڕادەکێشێ کە لە پشت خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئیران و عێراقن. بێگومان سیاسەتی دووڕوویانەی ئەو ڕێژیمە بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە و ئیتر گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و لەوە زیاتر ناتوانێ درێژە بەو سیاسەتە بدات کە ماوەی چل ساڵە بیروڕای گشتیی جیهانی پێ هەڵدەخەڵەتێنی و لەوە زیاتر سیاسەتی بانێک و دوو هەوا دادی نادا.