کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی حیزبووڵای لوبنان لە ئاڵمان قەدەغە کران

16:19 - 11 سەرماوەز 2719

ەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دەوڵەتی ئاڵمان بڕیاری داوە کە هاوکات لەگەڵ بە نایاسایی ناسینی گرووپی حیزبوڵڵا، چالاکییە ئەمنییەتییەکانیشی دژ بەو ڕێکخراوەیە دەست پێ بکا. بەپێی ئەو هەواڵانە، دەوڵەتی ئاڵمان دەستووری بە دادستێنی گشتیی ئاڵمان داوە کە ئەو کەسانەی کە ئەندامی حیزبوڵڵان دەسبەسەر بکرێن و هەروەها لقی سیاسیی ئەو گرووپە لە خاکی ئاڵمان دەربکرێ. شایانی باسە کە یەکیەتیی ئورووپا پێشتر گەمارۆی خستبووە سەر شاخەی نیزامیی حیزبوڵڵا، بەڵام ئەندامێکی حیزبی لیبراڵ لە پارلمانی ئاڵمان ڕایگەیاندبوو کە جیاوازی خستنە نێوان لقی سیاسی و لقی نیزامی ئەو ڕێکخراوە بڕیارێکی هەڵەیە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش حیزبوڵڵای لوبنانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی خستووەتە نێو لیستی تێرۆرەوە. ڕێکخراوی حیزبوڵڵا لە ساڵی ١٩٨٢ـی زایینی و بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی لە باشووری لوبنان دامەزرا و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بەشەکانی ئابووری، دارایی، چەک و چۆڵ و پێداویستییەکانی دیکە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێدەکرێ و بووتە دارەدەستی کۆماری ئیسلامی بۆ شێواندنی ناوچەکە و گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستە نایاسایی و ئاژاوەگێڕییەکانی. حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی ئەو ڕێکخراوەیە، هەمووکات بە ئاشکرایی ڕایگەیاندوە کە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیین و خامنەیی وەکوو ڕێبەری خۆیان چاو لێدەکەن.