کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە

15:14 - 12 سەرماوەز 2719

ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی هەواڵی کوژرانی دەستەیەک لە خۆپێشاندەرانی ناڕازی کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی ماهشەهر و بێهبەهان و شیرازیان بڵاو کردەوە و ئەو کۆمەڵە خۆپێشاندەرەیان بە تێکدەر ناو برد. دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی کە لەژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری گشتیی ڕێژیمدا ئیدارە دەبێ، ئاماژەی بە بەربەرەکانێی سەختی هێزە سەرکوتکەرەکان کرد و ڕایگەیاند کە تاقمێک لە خۆپێشاندەران لە شارەکانی شیراز، سیرجان، ماهشەهر، فەردیس و ئەلبورز کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکان و چەند کەس لە خۆپێشاندەران لە تاڵاوگەکانی ماهشەهردا ونبوونە و تەرمیان نەدۆزراوەتەوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاگەیێندراوی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی کوژراوەکانی ئەم دواییانەی خۆپێشاندانەکان گەیشتووەتە ٢٠٨ کەس، بەڵام هەواڵەکانی دیکە لە ئێران زیاتر لەو ڕێژەیە باس دەکەن. ڕادەی کوژراوەکان کە لە تاڵاوگەکانی ماهشەهردا دۆزراونەتەوە، زیاتر لە ٢٠ کەس ڕاگەیێندراوە. نیویورک تایمز لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە کە خەڵکی ماهشەهر زۆربەی ڕێگە و جادە سەرەکییەکانی ئەو شارەیان بەستووە. هەروەها لە شاری شیراز ڕادەی ١٥ کەس کوژراو ڕاگەیێندراوە بەڵام بە دڵنییاییەوە ئاماری زیاتر لەو ڕێژەیە هەیە کە تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە. هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر خۆپێشاندەران وای لە شارەکانی شیراز و ماهشەهر و خووزستان کردووە کە وەکوو مەیدانی جەنگی لێهاتووە. خەڵکێکی زۆر لە بنەماڵەی قوربانیان دەسبەسەر کراون و بۆ ناوەندە ئەمنییەکان براون. ڕاوێژکاری ناوەندی قەزایی کۆماری ئیسلامی داوای لە خەڵک کردووە و کە کەسایەتیی خۆپێشاندەران ئاشکرا بکەن تاکوو بەو شێوەیە بتوانن ڕادەیەکی زیاتر دەسبەسەر بکەن. لە شاری خووزستان ڕادەی ٧٩ کەس دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنە ئەمنییەکانی وەکوو گرتنگە و ناوەندەکانی ئیتلاعات گواستراونەتەوە. هەروەها لە شارەکانی کوردستان گرتن و لێدان و بردنی خەڵک بەردەوامە و ڕۆژ نییە کە چەندین کەس راپێچی بەندیخانەکانی ڕێژیم نەکرێن. شەپۆلەکانی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئێران گشتگیر بووەتەوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوون و دەسبەسەرکردنی خەڵک.