کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر لە وڵاتی سوئێد

15:16 - 13 سەرماوەز 2719

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی، مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر و ئەندامێکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مالمۆی وڵاتی سوئێد ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، وەستا سەعید ئیسماعیلی، ناسراو بە "شاتر سەعی"، پاش ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد. کاک سەعید ئیسماعیلی یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕش و ئاشكرا بوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێوەندی بە ڕیزەکانی حیزبەوە کرد. بە هۆی ئەزموونێکی زۆر کە لە سەردەمی پێشمەرگایەتیی لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی زایینی لە باشووری کوردستان هەیبوو، زۆر زوو توانی جێی خۆی لە ڕیزەکانی حیزب دا بکاتەوە. لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەدا دژ بە هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەشداربوو.. پاش گیرانەوەی شاری مەریوان، وەستا سەعید و بنەماڵەکەی پەڕیوەی باشوور کوردستان بوون و هەمیشە لە خزمەت حیزب و ڕێبازەکەیدا بوو. پاش زەخت و زۆری دەزگای ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی و هاتنە ئارای کەشی تێرۆر و کوشتنی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، ڕوویان لە وڵاتی سوئێد کرد. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەش دا کە لە دەرەوەی وڵات ژیا، خۆی و بنەماڵەکەی هەموو کات دڵسۆزی شۆڕش و بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بوون. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی وەستا سەعید و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خۆمان دەزانین.