کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ: جیهان پێویستە گرینگی بەکوشتنی خەڵکی ئێران بدا

16:37 - 13 سەرماوەز 2719

دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا وێڕای ڕەخنە لە کوشتنی خۆپێشاندەرانی ئێرانی، داوایکرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە سەرنجی زیاتر بداتە مەسەلەی کوشتنی خۆپێشاندەران. دۆناڵد تڕامپ ڕۆژی سێشەممە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ لەندەن بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ناتۆ ڕایگەیاند کە، ئێستا کە ئێمە لێرە کۆبووینەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی کوشتنی هەزاران ئێرانی بێ و هەربۆیەش لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا ڕایەڵەی ئینتەرنێتی پچڕاند هەتا دنیای دەرەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران نەبێ. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە کوشتنی خۆپێشاندەرانی ئێرانی، ڕایگەیاند کە ئەو ڕووداوانە تۆقێنەرن و ئاماری کوژراوەکان زۆر زیاترە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا بەچەک هێرشی کردە سەر خۆپێشاندەارن و لە ئاکامدا سەدان کەس کوژران، بەڵام تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئامارێکی دروستی کوژراو و بریندارەکانی بڵاو نەکردۆتەوە.