کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوێی دەوڵەتی ڕووحانی بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵی خۆپێشاندانەکانی ئێران

16:45 - 13 سەرماوەز 2719

بەرێوەبەری یاسایی سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند کە بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵی خۆپێشاندانەکان لە ئێران و درووست نەبوونی کێشەی زیاتر بۆ خەڵک و دەوڵەت، دانی بە جێبەجێ کردنی یاسای ٢٧ی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا ناوە و خستوویەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەواڵدەریی "دەوڵەت" لە ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی بەڕێوەبەریی یاسایی سەرۆک کۆماری ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی یاسای ٢٧ی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی کە باس لە ئازادی خۆپێشاندان و ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی دەکا، ئیجازەی داوە کە خەڵک خۆپێشاندان بکەن و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان ڕابگەیێنن. لە یاسای ٢٧ی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا ئیزن بە ڕێپێوان و خۆپێشاندان دراوە، بەڵام هیچکات دەسەڵاتی وڵات و بەڕێوەبەریی ئێران ڕێگەی بە جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە نەداوە و ئێساش کە ڕێگە دراوە لەو یاسایە کەڵک وەربگیرێ، دەبێ لە قۆناغێکی دیکەدا ئەنجومەنی وەزیرانی کۆماری ئیسلامی ڕا و بیروبۆچوونی خۆی لەوبارەوە ڕابگەیێنێ. لە سەرەتای ئەو گەڵالەدا باس لەوە کراوە کە " کۆبوونەوە و خۆپێشاندان بێ کەڵک وەرگرتن لە چەک ئازادە و ئەگەر لەگەڵ پێنج بنەمای سەرەکیی ئایینی ئیسلام کێشەی نەبێ، ئەوە خەڵک دەتوانن بە ئاسانی خۆپێشاندان ڕێک بخەن". هەر بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دەبێ لانیکەم سێ ڕۆژ پێشتر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، داواکارییەکەیان بە ڕێژیم ڕابگەیەنن چونکە پاراستنی ئەو خۆپێشاندانانە لەسەر شانی هێزە ئەمنییەکان دەبێ. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕێژیمی سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە تاکوو ئەمڕۆ، هیچکات ڕێگەی نەداوە کە خەڵک بەشێوەی تاک یان کۆمەڵ دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن و هەمیشە سەرکوتی خۆپێشاندانەکانیان کردووە. شایانی باسە کە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە ترسیان خستۆتە سەر ڕێژیم و کاربەدەستانی دەوڵەت دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە هەم بیروڕای گشتیی جیهانی و نیوخۆیی چەواشە بکەن و هەم ئەوەی کە لەو ڕێگەیەوە بتوانن خۆپێشاندانەکان کۆنتڕۆڵ بکەن. دیارە بەپێی گەڵاڵەکە کە باس لەوە دەکا دەبێ داواکارییەکان لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلام یەکبگرنەوە کە ئەمەش گەورەترین بەربەستە و دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە هەموو ئەو داواکارییانە ڕەتبکەنەوە کە بزانن بە زیانی ڕێژیمەکەیانە.