کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەنجەی کۆڵبەرێکی مەهابادی دوای بریندار بوون

16:51 - 13 سەرماوەز 2719

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پیرانشار کۆڵبەرێکیان بریندار کردووە و بە برینداریش ئەشکەنجەیان داوە. ڕۆژی سێشممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پیرانشار تەقەیان لە پۆلێک لە کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک بە ناوی "جەلال خالیدی" خەڵکی مەهاباد بە سەختی بریندار بووە و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری پیرانشار گوازراوەتەوە و تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی ئێران دوای ئەوەی ئەو کۆڵبەرەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە، بە سەختی ئەشکەنجەیان داوە. شایانی باسە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ی زایینیەوە تا ئێستا ١٦٥ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون، تەنیا لە دوو مانگ و نیوی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا ٥١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.