کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی دوو چالاکی سیاسی کورد لە مەریوان و بۆکان

04:39 - 14 سەرماوەز 2719

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ڕەشید کرمانج مامۆستای زانستگە و چالاکی سیاسی کورد خەڵکی بۆکان لەلایەن دادگاکانی ڕێژیمەوە بە پێنج ساڵ زیندان حوکمدرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی ڕەشید کرمانج دا ڕایگەیاند کە ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سووکایەتی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی حوکم دراوە. .هەروەها لە حەوتووی ڕابردوودا کەسێکی تر بە ناوی "محەممەد شادمان سەمەدیان" خەڵکی مەریوان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانیی دژبەری ڕێژیمی ئاخوندی بە دوو ساڵ و هەشت مانگ حوکم دراوە. جێیی ئاماژەیە کە لەگەڵ ئەوەی کە گرتن و سەرکوتی ئازادیخوازان کاری ڕۆژانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام لەگەڵ دەسپێکی خۆپێشاندانەکانی ئەم داواییانەی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیم، دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک خەریکی ڕەشبگیرین و بێجگە لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، هەروا هەڕەمەکی خەریکی گرتنی خەڵکن و دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە پێش لە ناڕەزایەتییەکان بگرن.