کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لە شاری شنۆ

15:45 - 14 سەرماوەز 2719

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی "ڕەشید ناسرزادە"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شنۆ کە هاوکات ئەندامی گرووپی "پێشڕەو"ی ئەو شارەیە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەشید ناسرزادە لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان و لە جاددەی پیرانشار بۆ شنۆ دەستبەسەر کراوە. ڕەشید ناسرزادە، جارێکی تر لە خەرمانانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی دوای ناڕەزایەتی بە ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد دەسبەسەر کرابوو و دوای چەند کاتژمێر لێپێچیەنەوە ئازاد کرابوو. سەرەڕای تێپەڕینی ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەرکرانی ناوبراو و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە ناڕوونە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراوە. شایەنی باسە کە ڕێژیمی ئاخوندی تەنیا بە سەرکوت و زەبری هێز دەیهەوێ خەڵک بێدەنگ بکا و لە هەر دەنگێکی ناڕازی کە بۆ سەرەتاییترین مافی ئینسانی بێ، دەترسێت و پێیوایە کە بە گرتن و لێدان و کوشتن دەتوانێ مانەوەی خۆی بسەلمێنێ.