کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی گەمارۆکان و داڕمانی ئابووریی ئێران

15:47 - 14 سەرماوەز 2719

بەردەوامیی گەمارۆکان بووەتە هۆی بێدەرەتانی زیاتری ڕێژیم و ئێستا کۆماری ئیسلامی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئابووریدا ناتوانێ بەهیچ شێوەیەک درێژە بە پەرەپێدان بدات و ئێران گەشەی ئابووری بە خۆیەوە ببینێ. کاریگەریی گەمارۆکان و گەندەڵی و سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بۆتە هۆی لاوازی ئابووری وڵات و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لەهەمبەر گەمارۆکان و ڕاگیرانی کاری بازرگانی، بوەستێتەوە و پێش لە کەڵەکەبوونی قەیرانەکان بگرێ. ڕێژیم نەک هەر ناتوانێ پەرە بە چاکسازیی ئابووری بدات، بەڵکوو لە دۆخی هەستیاری ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وگوشارە زۆرەکانی سەر ئەو ڕێژیمە، کاربەدەستان و بەرپرسانی حکوومەتیش لە بەڕێوەبەریی وڵات نائومێد و دەستەوەستانن و بێجگە لە نانەوەی شەڕ و ئاژاوە هیچی دیکەیان لەدەست نایە. گەمارۆ نەوتییەکان بوونەتە هۆی زیانێکی گەورە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کاری بازرگانی و ئابووریی وڵاتدا. بۆ نموونە هەڵکشانی نرخی بێنزین و دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان و درێژبوونەوەی رادەی هەڵاوسان لە ئێران و زەق بوونەوەی کێشە و گەندەڵییەکان لە نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمدا، دەرفەتی بۆ چاکسازی و پەرەپێدانی ئابووری نەهێشتۆتەوە. بەرپرسان و بەرێوەبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕۆژانە زیاتر لە هەموو کاتێک باس لە نەبوونی بوودجەی پێویست دەکەن و پێداگری لەسەر دیاری کردنی ئەو بەشە لە بوودجەی ون و دزراوی وڵات دەکەنەوە کە هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی وڵات و ئەوەش بۆتە گرفتێکی گەورەی دیکەی بەردەم گەشەی ئابووریی ئێران.