کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنراڵ جۆزێف: هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەواچەکەدا مەترسیدارن

16:04 - 14 سەرماوەز 2719

ژنراڵ جۆزێف وۆتێر، فەرماندەی پێشووی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکام" دەڵێ: "هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا جێگای مەترسین و تەنیا هەڵوێستی جیددی و ڕاستەوخۆی ئەمریکا دەتوانێ ئەو مەترسیانە لەناوبەرێ". ناوبراو لە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلدا لە ژێر ناوی"ئامانجە گرینگەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" بارودۆخی ناوچەکەی زۆر ئاڵۆز و هەستیار پێناسەکردووە و نووسیویەتی، "ئەمڕۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ئاڵۆزە. هەموو ئەو کێشەگەلەی کە بەرۆکی ئەم ناوچەیان گرتبوو هەر ماون. پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، نابەرابەری ئابووری، تێرۆریزم، گەندەڵی و دەردو مەینەتیی لە ڕاددەبەدەری مرۆڤەکان لەم ناوچەیەدا هەر بەردەوامە". ڤۆتێر، لەم ڕاپۆرتەدا بارودۆخی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە وردی هەڵسەنگاندووە و سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئیران دەڵێ: "مەترسی کۆماری ئیسلامی ڕاستییەکە، کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران هەم بە بەهێزکردنی هێزەکانی خۆیان و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و ناوکی و هەم بە یارمەتیدانی هێزە تێرۆریستەکانی وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا خەریکی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و پەرەپێدانی بیری توندئاژۆیی و تێرۆرن. ئێمە دەبێ ئاگامان لە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانی بێ و بە وردی بیانخەینە ژێر چاوەدێرییەوە".